لە سێ ناوچە تۆڕ هەڵگیراوەتەوە

ئەمڕۆ رۆژێکی باش نەبوو بۆ راوچیەکانی ماسی لە سنووری سلێمانی

توانا نەقی

ئەمڕۆ رۆژێکی باش نەبوو بۆ ئەو راوچیانەی تۆڕیان نابووەوە بۆ گرتنی ماسی لە دوکان و شارەزور و سەید سادق لە سنووری سلێمانی و چەندین تۆڕ لەلایەن پۆلیسی دارستان هەڵگیراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە ئەم بەیانییەوە سێ چالاکی بڵاوکردووەتەوە، لە چالاکی یەکەمدا، لە سەید سادق توانیویانە دەستبگرن بەسەر 8 تۆڕی راوکردنی ماسی و چوار ماسی زیندوشیان ئازاد کردووە.

لە چالاکیەکی دیکەدا لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی دوکانەوە توانراوە دەستبگیرێت بەسەر بەلەمێک و دوو سەڵبە و تۆڕێکدا، هەرچەندە راوچیەکانیان بینیوە بەڵام توانیویانە لەدەست مەفرەزەکە هەڵبێن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.

لە چالاکی سێیەمدا، لە لایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستانی شارەزوور توانراوە لە دەریاچەی سیروان 6 تۆڕ دەستی بەسەردا بگیرێت و کە 5 ماسییان پێوەبووە و کەسیش دەسگیر نەکراوە.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی هێشتا وەرزی قەدەغەکردنی راوەماسی بەردەوامە کە لە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمەوە لە 5.3.2024 تاوەکو 15.6.2024 راگەیندراوە.