لە سەر ئاستی هەرێم
گەورەترین سەنتەری هیمۆفیلیا لە هەولێر کرایەوە
964+
توانا نەقی
لە شاری هەولێر و لە ناو نەخۆشخانەی نانەکەلی گەورەترین سەنتەری هیمۆفیلیا تایبەت بە خوێن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان کرایەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، سەنتەرەکە لە چەندین هۆبە و بەش پێکدێت کە بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروستکراوە.
دەشڵێت، سەنتەرەکە لەسەر ئەرکی خێرخواز ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلی دروستکراوەوە و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پزیشک و ستافی بۆ دابینکراوە.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، کردنەوەى ئەو سەنتەرە کاریگەرى گرنگی زۆری دەبێت لە چارەسەرکردنى تووشبووانى هیمۆفیلیا نەک تەنیا لە هەولێر بەڵکو لە تەواوى هەرێمى کوردستان و شارەکانى دیکەی عێراق.
سەنتەرکە لە هەمانکاتدا شوێنێکیشە بۆ پێدانى چارەسەرى سروشتى بۆ نەخۆشانى هیمۆفیلیا و شێرپەنجە بە تایبەتى “شێرپەنجەى مەمک” و بە گوژمەى زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار لە سەر رووبەرى 850 مەتر دووجا دروستکراوە.
نەخۆشی هیمۆفیلیا نەخۆشیەکی بۆماوەییە، لە دایکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە، خوێن کەم دەکات لە جەستەی هەڵگری نەخۆشییەکە و نابێت بریندارببن و حەبی ئەسپرین بەکاربهێنن.