کام رێواسە ژاهراویت دەکات؟

هۆشداری لە جۆرێک رێواس دەدرێت

دیلان محەمەد جەزا

لە بازاڕی سلێمانیدا دوو جۆر رێواس بوونی هەیە بە دوو نرخی جیاواز، پسپۆڕێک دەڵێت، ئەو جۆرەی گەڵاکەیەتی مەترسی لەسەر تەندروستی دروست دەکات.

جۆرێکیان قەدی گەڵای رێواسە و دەسکی بە هەزار و 500 دینارە و قەدی رێواس دەسکی بە چوار هەزار دینارە و هەردوو جۆرەکە بەربڵاوە لە بازاڕدا.

دکتۆر سەلام عومەر پسپۆڕی رووەک بە 964ـی وت، ئێستا دوو جۆر رێواس لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، جۆرێکیان گەڵای رێواسە دەوڵەمەندە بە مادەی ئۆکزالات و کاریگەری خراپ لەسەر جەستەی ئەو کەسە بەجێدەهێڵێت کە دەیخوات.

باسی لەوەکرد، رێواس لە دوو گەڵا پێکهاتووە و لە ناوەڕاستدا رێواسەکەیە و بۆ خواردن شیاوە و سوودی تەندروستی هەیە، دژە ئۆکسانە و هاوکارە بۆ نەهێشتی خانە شێرپەنجەییەکان.

ئەوەی خستەڕوو، هەرچی قەدی گەڵای رێواسەکەیە مادەی ئۆکزالات ئەسیدی تێدایە و زیان بە گورچیلە دەگەیەنێت و ژەهراوی دەبێت کەسەکە.

وتی:”بەهۆی هەڵکەندنی هەردوو قەدی گەڵای رێواسەکە و رێواسەکە خۆیەوە جارێکی دیکە لەو جێگەیە رێواس ناڕوێتەوە و دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئەو بەرهەمە لەو ناوچەیەدا”.

دکتۆر رێواس عەزیز پسپۆڕی دەرمانساز بە 964ـی وت، هەرکەسێک رێژەیەکی زۆر ئۆکزالیک ئەسید بچێتە لەشیەوە و بگاتە 26 گرام، ئەوا ئەو کەسە ژەهراوی دەبێت.

باسی لەوەکرد، لە کاتی ژەهراوی بوونەکەدا ماددەی ئۆکزالات یەک دەگرێت لەگەڵ کالسیۆمی خوێندا و گورچیلە ناتوانێت خۆی لێ دەرباز بکات و دەنیشێت و دەبێتە هۆی دروست بوونی بەرد لە گورچیلەدا.

رێواس یەکێکە لە بەرهەمە بەهاریەکان و زیاتر لە ناوچە شاخاویە بەفراویەکان دەڕوێت و بەهۆی تامەکەیەوە خواستی لەسەر زۆرە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی