15 ساڵە چاوەڕێن

چەند گەڕەكێكی سلێمانی كەمترین خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

گەڕەكەكانی كەنەسوورە، كانی گۆمە و خەلیفاوا، ئەو گەڕەکانەى سلێمانین، کە گرفتی رێگاوبان و باخچەو پاركیان هەیە و دانیشتوانەكەی دەڵێن، 15 ساڵە چاوەڕێین شارەوانیی سلێمانی خزمەتگوزارییان پێ بگەیەنێت  .

دانا تەیب، دانیشتووی گەڕەكی كەنەسوورەیە و بۆ 964 قسەی دەڵێت، گەڕەکەکەمان خزمەتگوزارى نییە، نە پارک نە یاریگە و نە رێگاوبان، هیچمان نییە، ئەوەى هەیە لە گیرفانى خۆمان چەند کۆڵانێکمان کۆنکرێت کردووە.

گەڕەکى کانى گۆمە هاوشێوەى کەنەسوورە، کێشەى کەمیى خزمەتگوزارى هەیە، بە وتەى کارزان محەمەد، کە دانیشتوویەکى گەڕەکەکەیە، تا ئێستا چوار جار بەڵێنیان پێدراوە، کۆڵانەکانیان بۆ قیرتاو بکەن، بەڵام 15 ساڵە چاوەڕێن و هیچیان بۆ نەکراوە.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی قسەی بۆ 964 كردوە و دەڵێت، ساڵانی رابردوو ئیشیان بۆ كراوە، بەڵام نەبوونی بودجەی پێویست گرفت بووە لە بەردەم تەواوكردنی كارەكانیان.

وتیشی، خوازیارین بتوانین ئەمساڵ ئەو شوێنانەی پێویستیان بەقیرە بۆیان بكەین، بەڵام ئێمە یەك كارگەی قیرمان هەیە و ئامێرێكی كەممان لەبەردەستدایە، بۆیە فریای هەموو شوێنەکان ناكەوین  .

ئەمڕۆ شارەوانیی سلێمانی دەستی بە قیرتاوکردنى هەندێ شوێنی شارەکە کرد، بەڵام بە وتەى وتەبێژى شارەوانیى سلێمانى، لەو شوێنانە دەستپێدەکەن کە گرنگ و پێویستن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

چەند گەڕەکێکى سلێمانى پێنج رۆژە بێ ئاون

چەند گەڕەکێکى سلێمانى پێنج رۆژە بێ ئاون