دیمەنی مینی پاسە وەرگەڕاوەکە. وێنە: بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان
چەندین نەشتەرگەری بۆ کراوە
مامۆستای ناو مینی پاسەکەی گەرمیان نەخۆشخانەی بەجێهێشت
964+
توانا نەقی
ئەو مامۆستایەی لە رووداوی هاتوچۆکەی گەرمیان کە هەفتەی رابردوو مینی پاسێکی قوتابیان وەرگەڕاو چوار قوتابی گیانی لەدەستادا بریندار بوو ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە دەرکراو رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە.
مامۆستا کۆسرەت بورهان لە مینی پاسەکەدا بوو بەسەختی بریندار بوو چەندین نەشتەرگەری بۆ کراوە و هێشتا دەبێت نەشتەرگەری دیکەی بۆ بکرێت بەڵام ئێستا حاڵی باشترە لە مەترسی دەرەچووە.
جەمیل محەمەد خاڵی مامۆستا بریندارەکە بە 964ـی وت، نەشتەرگی بۆ دەست و قاچی کراوە، بەڵام کاسەی سەری لە پێشەوە بریندارەوە و درزی بردووە، دکتۆرەکانی دەڵێن چاوەڕێ دەکەن تاوەکو هەوکردنەکەی نەمێنێت رەنگە پێویست بە نەشەرگەری جوانکاری بکات.
وتیشی، بۆ ماوەی هەفتەیک ئیزندراوە لە ماڵەوە بێت و دواتر دەیگەڕێننەوە بۆ نەخۆشخانە و ئێستا حاڵی باشە و لە مەرسی دەرچووە.
سەبارەت بە ئەو شۆفێری ئۆتۆمبێلە قەمەرەی کە بە هۆکاری وەرگەڕانەکە دەزانرێت ئاماژەی بەوەکرد، ئەو شۆفێرە دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە بەردەوامە.
"ئەو شۆفێرە دەستگیرکرا کە هۆکارى وەرگەڕانى مینى پاسەکەى دوێنێى قوتابییەکان بوو"
مامۆستا کۆسرەت تاوەکو ئێستا بەشێک لە کەلوپەلەکانی کە لە هەویە و مۆبایل و چەند بەڵگەنامەیەکی دیکە پێکدێن ونبووە لە رووداوەکە و نەدۆزراونەتەوە.
رۆژی 14.5.2024 لە سەر رێگای کەلار – کفری مینی پاسێکی قوتابیان کە لە قوتابخانەیەکی کەلارەوە رۆشتبوون بۆ کفری بۆ گەشتی زانستی لەکاتی گەڕانەوەیاندا وەرگەڕان و چوار قوتابی کچ کە دوانیان دوانە بوون گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکە بریندار بوون.