دەبێت بە مۆزەخانە
ماڵەکەی بێکەس دەبێتە شوێنێکی جیهانی
964+
دیلان محەمەد جەزا
ئەو ماڵەی شێرکۆ بێکەس لە سلێمانی تیایدا ژیاوە، لەلایەن پڕۆفیسیۆرێکی ئەڵمانییەوە دەکرێت بە مۆزەخانە و بەرهەمەکانی تێدا نمایش دەکرێت.
خانووەکە دەکەوێتە گەڕەکی ئاشتی لە شاری سلێمانی و لە سێ نهۆم پێکهاتووە.
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس بە 964 وت، نهۆمی یەکەمی ماڵەکە بۆ نمایشی کەل و پەلەکانی شێرکۆ تەرخان دەکرێت، لە نهۆمی دووەم و سێیەمیشدا کتێب و دەستنوسەکانی دادەنرێن ، سەربانەکەشی دەکرێت بە شوێنی کۆڕ و کۆبونەوە.
هەڵۆی کوڕی بێکەس وتیشی، “پرۆفیسۆرێکی گەورەی دروستکردنی مۆزەخانە لە جیهاندا بە ناوی “میشیل فێر” دیزاینی دەکات، کە تا ئێستا هەر جێگەیەکی دروستکردبێت چووەتە لیستی مۆزەخانەکانی جیهانەوە، بۆیە ماڵەکەی بێکەسیش دەچێتە ئەو ریزەوە”.
964 زانیویەتی، مێشێل فێر تا ئێستا چەند جارێک سەردانی سلێمانی کردوە، بڕیارە بۆ کارەکانی کۆتایی مۆزەخانەکەش بگەڕێتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی 964، نزیکەی ساڵێکە کارکردن لەو ماڵەدا دەستی پێکردوە تەنیا چەند وردەکارییەکی وەک ڕێکخستنی جێگەی کتێبەکان، نوسینی زانیاری لەسەریان و سیستمی دەنگی ماوە، پلان وایە لە سەرەتای مانگی هەشتی ئەمساڵ بکرێتەوە.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین