شوێنەکان دیار و بەرچاون

لە هەولێر دوو شەقام بە ناوی پێشڕەو دزەیی و ژینای کچیەوە ناونراون

964+
ژووری هەواڵ

پێشڕەو دزەیی، ئەو سەرمایەدارەی لەگەڵ ژینای کچی و دوو کەسی تر بە موشەکی ئێرانی لە ماڵەکەیدا کوژران، ئێستا لە هەولێر دوو شەقام کراوە بەناویانەوە.

شەوی 15.01.2024 بە موشەکی بالیستی هێرشکرایە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی لە هەولێر، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند ئەوان کارەکەیان کردووە، پێشڕەو دزەیی و ژینای کچی و بازرگانێکی عێراقی و کارگوزارە فلیپینیەکەیان گیانیان بەخشی و رووداوەکەش ناڕەزایی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە.

ئێستا لە هەولێر دوو شەقام کراوە بەناویانەوە، شەقامەکان زۆر گەورەنین، بەڵام شوێنی دیار و بەرچاون، هەردوو شەقامەکەش دەکەونە ناو پرۆژەی بەناوبانگی ئیمپایەرەوە کە پێشڕەو دزەیی خاوەنی بوو.

تابلۆی شەقامی پێشڕەو ئاغا دزەیی لەسەر ئەو شەقامە سەرەکییە هەڵواسراوە کە هەموو بەشە بازرگانی و نیشتەجێبوونەکانی ئیمپایەر پێکەوە گرێ دەدەنەوە، هەروەها هەمان رێڕەوە کە شەقامی سەرەکی سەد مەتری و شەقامی چل مەتری نێوان ئیمپایەرو شاری خەونەکان پێکەوە گرێ دەداتەوە.

تابلۆی دووەم بە ناوی شەقامی ژینای پێشڕەو ئاغا لەسەر ئەو شەقامە هەڵواسراوە کە کافتریا و ئۆفیسە بازرگانییەکانی ئیمپایەر لێی کۆبوونەتەوە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر بەوێدا دەڕۆن.