رووداوەکەى دوکان هۆکارە
چەند گەڕەکێکى سلێمانى پێنج رۆژە بێ ئاون
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
پیسبونى ئاوى دوکان کاریگەرى لەسەر دابەشکردنى ئاوى سلێمانى ماوە و بەو هۆیەوە پێنج رۆژە چەند گەڕەکێکى سلێمانى بێ ئاون.
خەلیفاوا، کانى گۆمە، کەنەسورە و بەشێکى گەڕەکى چوارچرا، ناوى ئەو گەڕەکانەى سلێمانین کە پێنج رۆژە قەترەیەک ئاویان بۆ نەچووە.
زانا عەلی، دانیشتوی گەڕەكی كەنەسورەی سلێمانیەو بە 964ـى وت،”پێنج رۆژە ئاوان بۆ نەهاتووە، پەیوەندیمان بە میراوەکانەوە کردووە و ئەوان دەڵێن بەهۆى پیسپونى ئاوى دوکانەوەیە.
964 کێشەى ئەو ماڵانەى گەیاندە بەرێوەبەرایەتى ئاوى سلێمانى، بە وتەى بەختیار تاهیر بەڕێوەبەرى ئاو کە بۆ 964 قسەى کردووە،”چوار رۆژە ئاومان بۆ ئەو گەڕەکانە بەرنەداوەتەوە، بەڵام هیچ گرفتێک نەماوە و لە کاتى خۆیدا ئاویان پێدەدرێت، دواکەوتنەکەش بەهۆى ئەوەوە بووە کە 2 رۆژ دابەشکردنى ئاو راگیرا و سبەینێ ئەو گەڕەکانەش ئاویان پێدەدرێت”.
ئێوارەى 28.3.2024، دوو تانکەرى سوتەمەنى کە نەوتى رەشیان هەڵگرتبوو، لە گەڕەکى فەرمانبەرانى قەزاى دوکان بەیەکیاندادا و بەهۆیەوە پاشماوەى سوتەمەنى ئەو دوو تانکەرە تێکەڵ بە ئاوى دوکان بوو ئەمەش بووە هۆى راگیراتى پڕۆژەى ئاوى دوکان سلێمانى بۆ ماوەى دوو رۆژ.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح