رۆژ به‌رۆژ زیاد ده‌بێت
سه‌دان دۆنم زه‌وى كشتو‌كاڵى سنوورى هه‌ڵه‌بجه بوون به‌ژێر ئاوى ده‌ربه‌ندیخانه‌وه
964+
عومه‌ر فه‌تاح ـ هه‌ڵه‌بجه
به‌هۆى گلدانه‌وه‌و زیادبوونى رێژه‌ى ئاوى ده‌ربه‌ندیخان، ئه‌مساڵ زیانێكى زۆر به‌ر به‌شێك له‌جوتیارانی سنوورى هه‌ڵه‌بجه‌و شاره‌وزوور گه‌یشتووه، به‌سه‌دان دۆنم زه‌وى كشتو‌كاڵى مه‌زه‌نده ده‌كرێت و به‌پێى ئامارێكى نافه‌رمى تائێستا نزیكه‌ى 200 تهۆن گه‌نم بووە بەژێر ئاوه‌وه، جوتیارانیش داوای سنورداركردنی گلدانه‌وه‌ی ئاوی به‌نداوه‌كه ده‌كه‌ن.
حسێن محه‌مه‌د یه‌كێكه له‌و جوتیارانه‌ى به‌شێك له‌زه‌ویه كشتوكاڵیه‌كه‌ى بووە بەژێر ئاوى ده‌ربه‌ندیخان، به 964ى وت: ئه‌مساڵ باران زۆر زیاتربووه به‌راود به‌ساڵانى پێشوو به‌نداوه‌كه‌ش گیراوه‌ته‌وه ئه‌مه‌ش لێره‌وه زیانى زۆرى گه‌یاندووه به‌جوتیاران و گه‌نمێكى زۆرى كردوه به‌ژێره‌وه.
به‌پێى به‌رنامه‌یه‌ك كه‌به‌نداوه‌كان په‌یره‌وى ده‌كه‌ن ساڵانه له‌سه‌ره‌تاى وه‌رزى زستانه‌وه تا كۆتایی وه‌رزى به‌هار ئاو له‌به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان و دوكان گل ده‌درێته‌وه، ئه‌مه‌ش وایكردووه ئه‌مساڵ رێژه‌یه‌كى زیاترى زه‌وى ببێت به‌ژێره‌وه‌و رۆژ به‌رۆژیش رووبه‌رى ده‌ریاچه‌كه‌ش زیاد ده‌بێت.