"کێشەی بوودجەیان هەیە"

شارەوانیی سلێمانی هەوڵی بەگەڕخستنەوەی پڕۆژە تەواونەکراوەکان دەدات

پێشەوا محەمەد

شارەوانیی سلێمانی بەدواداچوون بۆ پڕۆژە وەستاو و دواکەوتووەکانی دەکات و وتەبێژەکەی دەڵێت، هەوڵی بەگەڕخستنەوەیان دەدەن.

بەشی پڕۆژەکان چەند رۆژێکە سەردانی ئەو پڕۆژانە دەکەن و لە هۆکارەکانی دواکەوتنیان دەکۆڵنەوە.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پڕۆژە تەواونەکراو و وەستاوەکانیان زۆرن و بە گشتی زۆرینەیان پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆن.

وتیشی، “تا ئێستا 10 پڕۆژە لە ناوشار بەسەرکراوەتەوە و لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا ئەوانی دیکەش دەبیندرێن”.

964 دەزانێت، بەشی پڕۆژەکان راپۆرتێک لەسەر ئەو پڕۆژانە ئامادە دەکات و ئاراستەی ئەنجومەنی شارەوانیی سلێمانی دەکات.

وتەبێژەکەی شارەوانیی سلێمانی وتیشی، “بەپێی ئەو پڕۆژانەی تا ئێستا سەردانیان کراوە هۆکاری هەموویان پەیوەندیی بە نەبوونی بوودجە و نەمانی نەختینەوە هەیە لە بانکەکاندا”.

وەک زەردەشت رەفیق باسی کرد، ئەگەر کەمتەرخەمییەک لە وەستان یان دواکەوتنی پڕۆژەکان هەبێت لێپرسینەوە لەوانە دەکرێت کەمتەرخەمییان کردووە.