بۆ رێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگر

دانیشتوانى گوندێک ئاگربڕ بۆ چیاکانی ناوچەکەیان دروست دەکەن

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

دانیشتوانى گوندى دارەبەن بە ئەنجامدانى ئاگربڕ بە درێژایى چوار کیلۆمەتر بۆ شاخ و کێوەکان دەیانەوێت بەر لە پەڕێنەوە و تەشەنەکردنی حاڵەتەکانی کەوتنەوەی ئاگر بگرن.

دارەبەن گوندێکى سەر بە ناحیەى ناڵپارێزە لە سنورى قەزاى پێنجوێن، ئێستا تەنیا نۆ ماڵ تێیدا نیشتەجێبە و سەرقاڵى ئاژەڵدارى و کارى کشتوکاڵین.

محەمەد دارەبەنى دانیشتویەکى گوندەکەیە و یەکێکە لە بەشداربووانى ئاگربڕەکە، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت، ساڵانە ئاگربڕیان بۆ شاخ و کێوەکانی چوار دەوری گوندەکەیان کردووە تا لە ئەگەرى ئاگرکەوتنەوە زیانەکان کەمبن و بتوانن بە ئاسانى کۆنتڕۆڵى بکەن و ئاگرەکە بۆ شوێنى دیکە نەپەڕێتەوە.

بۆ ئەمساڵ بە درێژایى چوار کیلۆمەتر ئاگربڕیان بە دەورى گوندى دارەبەندا کردووە، بە وتەى محەمەد دارەبەنى، ساڵى رابردوو ئاگربڕیان نەکرد و بەهۆیەوە ئاگر کەوتەوە و تەواوى ئەو شوێنانە سوتان کە ئەمساڵ ئاگربڕیان کردووە.

“ئێستا وەک جاران نەماوە بە خاکەناز رێگەى هەڵکۆڵین ئاگربڕ ئەنجام بدەیت، بەڵکو بە دەرمانى “سەوى بڕ” ئاگر بڕ دەکرێت، واتا دەرمانەکە دەڕێژن بەسەر هێڵێکدا کە خۆیان درێژى و پانى دیارى دەکەن و دواتر گیا سەوزەکە وشک دەبێت و دەیسوتێنن، بەوەش هێڵ هێڵ جیادەبێتەوە”، ئەو دانیشتویەى گوندەکە واى بە 964 وت.

گوندی دارەبەن سەر بە ناحیەیی ناڵپارێزە لە قەزای پێنجوێن و نزیکەی نۆ ماڵی تێدا نیشتەجێیە و بەشێکیان سەرقاڵی ئاژەڵدارین.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

ئاگرەکەی پێنجوێن زیاتر لە 100 مینی تەقاندووەتەوە

ئاگرەکەی پێنجوێن زیاتر لە 100 مینی تەقاندووەتەوە