دوکاندارانی بازاڕی کۆنەکەی سلێمانی ترسی سووتانی بازاڕەکەیان هەیە
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
بەشێک لە دوکاندارانی ناو “بازاڕی کۆنەکەی سلێمانی” ترسیان لە سووتانی بازاڕەکە هەیە، بەڵام بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت بازاڕەکە سەلامەتە.
بازاڕی کۆنەکەی شاری سلێمانی لە ساڵی 2011دا سووتا و بەشێکی زۆری دوکانەکان گڕیان گرت، لەوکاتەوە ئاگری تێدا دروست نەبووەتەوە.
سەردار عەبدولخالق، خاوەنی دوکان لەناو کۆنەکەی سلێمانی بە 964ی وت، “بەردەوام ترسمان لە سووتانی بازاڕەکە هەیە، چونکە ئاگرێکی بچووک دەبێتە هۆی کارەسات لەناو کۆنەکە”.
وتیشی، “دوکانەکان زۆر لەناو یەکدان و هەمووی ئەوەی هەشە پێڵاو و جلوبەرگە و بە ئاسانی گڕ دەگرن”.
لای خۆیەوە دلێر کەریم، خاوەنی دوکانی پێڵاوفرۆشی لەناو کۆنەکەی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، پێنج ئاگرکوژێنەوەی گەورەیان بۆ داندراوە بەڵام هەموویان بەسەرچوون.
پێشی وابوو ئەگەر بازاڕەکە گڕ بگرێت بەو ئاگرکوژێنەوانە ناکوژێتەوە.
بەڵام بەرگریی شارستانیی سلێمانی پێیوایە بازاڕەکە سەلامەتە و مەترسی گڕگرتنی نییە.
ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، لەو ساڵەوە کە بازاڕەکە سووتاوە سیستمی کارەبای بە تەواوی گۆڕاوە و بێ مەترسییە.
وتیشی، “بەردەوام لیژنەکانی ئێمە و قایمقامیەتیش سەردانی بازاڕی کۆنەکە دەکەن و رێنمایی دوکاندارەکان دەکەن و ئاگرکوژێنەوەی بەردەوامیشمان لەوێ هەیە”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا