سەرۆکی شارەوانییەکەی وا دەڵێت

لە هەفتەی داهاتووەوە قەڵادزێ لە رووی رێگاوبانەوە دەبووژێتەوە

964+

محەمەد عەلی ــ قەڵادزی

پڕۆژەی شەست مەتری قەڵادزێ و پڕۆژەی نۆژنکردنەوەی شەقامەکانی ناوشار، لەو پڕۆژانەن کە بەهۆی نەبوونی نەختینەی پێویستەوە ماوەی چەند ساڵێکە وەستاون، بەڵام بڕیارە هەفتەی داهاتوو كاركردن تێیاندا دەستپێبكاته‌وه‌ و ته‌واو بكرێن.

ئارام محەمەد، سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزی بە 964ـی وت، لە هەفتەی داهاتوودا دەست دەکرێتەوە بە هەردوو پڕۆژەی 60 مەتری قەڵادزێ و پڕۆژەی نۆژەن کردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی ناوشار و گەڕەکەکان کە خراپ بوون و چاڵیان لێ دروست بووە و ئاستەنگیان دروست کردووە.

شەقامی 60 مەتریی قەڵادزێ لە 2013ـەوە بەردی بناغەی بۆ دانراوە، پڕۆژەیەکی گەورەیە و بازنەیەکە بە دەوری قەڵادزێ، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، لەهەفتەی داهاتوودا دەستدەکەن بە قۆناغی چوارەم و ئیش لەسەر جووت سایدەکە دەکرێت، جارێ ئەم لاولای کەلێنەکان ئێشی تێدا ناکرێت، لە بەشی شارەوانییەوە بەرەو رێگای خەتی هەنارۆک دەستپێدەکات، شەقامەکە 60 مەتر پانە و درێژییەکەشی 13 کیلۆمەتر بە دەوری قەزاکەدا دەسوڕێتەوە.

ئارام محەمەد وتی، پڕۆژەی شەقامەکانی ناو شاریش پڕۆژەیەکی ترە و گرنگە، بەهۆی ئەوەی زۆرێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ناو بازاڕ و ناو قەزاکە، دەمێکە نۆژەن نەکراونەتەوە، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، زۆربەی شوێنەکان قیرن و تێکچوون بەهۆی کۆنیەوە، ئەمەش ئاستەنگیان بۆ هاوڵاتیان و شوفێران دروست کردووە، دەبێت ئێمە بە ئامێری تایبەت ئەو قیرە کۆنە ببڕین و لای بەرین، دووبارە بە تەبەقەیەکی تری تازە قیریان دەکەینەوە، ئەمەش هەموو شەقامەکانی شار دەگرێتەوە.

سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ وتیشی، گوژمەی هەردوو پڕۆژە دوو ملیار دینارە، لە هەفتەی داهاتوودا دەستبەکار کردن دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

پیتی بارزەکانی پارکی شار لە قەڵادزێ شکێندران

پیتی بارزەکانی پارکی شار لە قەڵادزێ شکێندران