شه‌وی ده‌ركردنی ئیسپانییه‌كان بوو
پاریس سانجێرمان ریمۆنتادای كرد و دۆرتموندیش چوار گۆڵی كرد
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
ئه‌مشه‌و شه‌وێكی تایبه‌ت بوو له خولی یانه پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا و هه‌ردوو یانه‌ی ئیسپانی، بارسێلۆنا و ئاتلێتیكۆ مه‌درید كرانه ده‌ره‌وه، پاریس سانجێرمان و دۆرتموند گه‌یشتنه پێش كۆتایی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه.
بارسێلۆنا ریمۆنتادای به‌سه‌ردا كرا
یانه‌ی بارسێلۆنا له یاریی چوونی قۆناغی هه‌شتدا به 3-2 گۆڵ له پاریسی برده‌وه و ئه‌مشه‌و چاودێران چاوه‌ڕێی ده‌ركردنی پاریس سانجێرمان بوون، به‌ڵام ئیمباپێ و هاوڕێیه‌كانی ریمۆنتادایه‌كی مێژووییان كرد و به 4-1 گۆڵ یارییه‌كه‌یان برده‌وه، كه له ناو بارسێلۆنا كرا.
كیلیان ئێمباپێ 2، عوسمان دێمبیلی و فێتینا چوار گۆڵه‌كه‌ی پاریس‌یان تۆمار كرد، تاكه گۆڵی بارسا رافینیا تۆماری كرد.
له 2017 بارسێلۆنا به سه‌ركردایه‌تی لویس ئێنریكی ریمۆنتادایه‌كی مێژوویی به‌سه‌ر پاریس كرد به 6-1 گۆڵ، ئه‌مشه‌و لویس ئێنریكێ جارێكی دیكه بووه پاڵه‌وانی چیرۆكی ریمۆنتادایه‌كی نوێ، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان سه‌ركردایه‌تی پاریسی دژی تیپه‌كه‌ی پێشووی خۆی كرد.
هاوكات له یارییه‌كه‌دا ئاراوخۆی به‌رگریكار و چاڤیی راهێنه‌ر به كارتی سوور كرانه‌ده‌ره‌وه.
پاریس گه‌یشته پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ و بارسا به ده‌ستبه‌تاڵی چووه ده‌ره‌وه.
شه‌وی ده‌ركردنی ئیسپانییه‌كان بوو
له یارییه‌كی دیكه‌دا له هه‌مان قۆناغ، یانه‌ی بۆروسیا دۆرتموندی ئه‌ڵمانی توانی به ئه‌نجامی 4-2 گۆڵ له یانه‌ی ئاتلێتیكۆ مه‌دریدی ئیسپانی بباته‌وه و له پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه دووری بخاته‌وه، دوای ئه‌وه‌ی له یاریی چووندا له ئیسپانیا به 1-2 گۆڵ دۆڕا بوو.
دۆرتموند به كۆی هه‌ردوو یاری به 5-4 براوه بوو، گه‌یشته قۆناغی پێش كۆتایی.