دیمەنی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ _ وێنە: 964
بازرگانی ئاساییە، گەشتیاریی راگیراوە
لە 24 کاتژمێری رابردوو 30 خولەک ئینتەرنێتی دەروازەی باشماخ کاری کردووە
ئەحمەد مستەفا
لە هێڵی بازرگانی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی و بارهەڵگرەکانی خۆراک و کەلوپەل نەوەستاوە، بەڵام لە 24 کاتژمێری رابردوو تەنیا 30 خولەک ئینتەرنێتی بەشی پێدانی مۆری گەشتیاری لە دیوی ئێران کاری کردووە و بە ناکارایی ماوەتەوە، ئەمە قسەی ئەمڕۆ سێشەممەی دوو بەرپرسی دەروازەی باشماخە بۆ 964.
دوێنێ دووشەممەوە 15.4.2024، ژمارەیەک گرتە ڤیدیۆ لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەوە، هەواڵی ئەوەهات سیستمی مۆری ئەلیکترۆنی لە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەروازری باشماخ “باشماق” لە کار کەوتووە، بەهۆیەوە نزیکەی 50 گەشتیاری دانیشتووی هەرێمی کوردستان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16.4.2024، مەریوان کەریم، بەرپرسی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بە 964ی وت، شەوی رابردوو تەنیا 30 خولەک، سیستمی ئەلیکترۆنی نشینگەی باشماخ لە کۆماری ئیسلامی ئێران کاری کردووە و پاسپۆرتی ژمارەیەک گەشتیاری هەرێمی کوردستان مۆرکراوە و گەڕاونەتەوە خاکی هەرێمی کوردستان و پاشتر سیتمەکە دووبارە وەستاوە.
بە قسەی ئەو بەرپرسە بێت، بە ئەوان وتراوە گرفتەکە نەبوونی ئینتەرنێت و کوژاندنەوەی سیستیمی ئەلیکترۆنی پێدانی مۆری پاسپۆرت هۆکارە بنەڕەتییەکەیە، ئەو وتی، “ئێمەش لای خۆمانەوە دەستمانکردووە بە راگرتنی پێدانی مۆری گەشتیاری بە هاوڵاتیان، لە کاتێکدا نەتوانن داخڵی کۆماری ئیسلامی ئێران ببن، مامەڵەیان بۆ ناکەین تا دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە”.
جگە لەهاتوچۆی گەشتیاری، دەروازەکە نێودەڵەتییە و رۆژانە دەیان بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی سووتەمەنی هاتوچۆی تێدا دەکەن، شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی باشماخە ئەو بە 964ی وت، “هاتوچۆی بازرگانی ئاساییە، هەر نەوەستاوە تا دەستپێ بکاتەوە و فەرمانبەرانی گومرگیش لە ئەرکی ئاسایی خۆیاندان”.
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، یەکێکە لە خاڵە سنورییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆرجار بە شادەماری ئابووریی هەردوولا ناوهێنراوە، پاش هەڵگرتنی 100%ی باجی سەر ڤیزاش ژمارەی هاتوچۆی گەشتیاری زیاتر بەرزبوویەوە، کۆمەڵگەکە دەکەوێتە سنووری باشماخ لە پێنجوێن لە ھەرێمی کوردستان و ناوچەی مەریوان لە کۆماری ئێران، بە نزیکەی 100 کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی سلێمانی.