964 ناوەرۆکەکەی بڵاودەکاتەوە

لە کۆبوونەوەی نێوان سودانی و بلینکن چۆن باسی هەرێمی کوردستان کرا؟

964+

فەهمی نەبی

لە کۆبونەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کراوە، هاوکات باسی ئەو مەترسیانە کراوە کە حکومەتی هەرێم هەیەتی بەرامبەر لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

دیلان غەفور یەکێک لە ئەندامانی شاندەکەی عێراق لە واشنتۆن بە 964ی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکە بلینکن لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم پرسیاری لە سودانی کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی “کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بە دوو رێگا چارەدەکرێت، یان دەبێت یاسای موازەنە هەمواربکرێتەوە، یانیش گرێبەستی نێوان هەرێم و کۆمپانیاکان هەموار بکرێتەوە کە ئەمەش نە هەرێم پێی رازیە و نە کۆمپانیاکانیش”.

سودانی ئەوەشی وتووە “هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم خواستی عێراقیشە، چونکە مانگانە زیانێکی زۆر بەر ئابوری عێراق دەکەوێت”.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە سەربارەت بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە، بلینکن بە سودانی وتووە، حکومەتی هەرێم پێی وایە “مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە”، بەڵام سودانی وتویەتی، “قەوارەی هەرێم دەستوریە”.

سەبارەت بە پرۆسەی تەوتین، سودانی بە بلینکنی وتوە، “ئەم پرۆسەیە لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانە و هیچ مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم نییە، خواستی ئێمە ئەوەیە هەموو فەرمانبەرانی عێراق لە بەسرە و سلێمانی لەیەک کات موچە وەرگرن”.

سەبارەت بە دۆسیەی ئێزدییەکان دیلان غەفور وتی، بلینکن بە سودانی وتوە، هێندەی نەماوە بۆ یادی ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکان هات ئێوە چۆن خۆتان ئامادەکردوە؟ سودانی وتویەتی، لە مەنهەجی وزاری حکومەت خزمەتکردنی ناوچە وێرانبووەکان هەیە و شەنگال ئاوەدان دەکەینەوە، جگە لەوە ئەو وادەیەی دیاریکراوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان لە کەمپەکانەوە لەم ساڵ جێبەجێی دەکەین.

سودانی به‌ره‌و واشنتن به‌ڕێكه‌وت

سودانی به‌ره‌و واشنتن به‌ڕێكه‌وت