ئاوا بڕوا هەولێریش نرخی ئەمپێرێک کارەبا دەگاتە 20 هەزار

+964

بەهرە محەمەدئەمین

مانگ نیوەی تەواو کردووە، مۆلیدەکان تا 180 کاتژمێر کارەبایان بە هاوبەشان داوە، سەرۆکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانیش دەڵێ: نرخی ئەمپێرێک 20 هەزار تێدەپەڕێنێت.

بەپێی بەدواداچوونی +964، مۆلیدەکانی هەولێر تا 15ـی ئەم مانگە لە نێوان 170 تاوەکو 180 کاتژمێر کارەبایان بە هاوبەشەکانیان داوە، ئەگەریش وەها بڕوات تاوەکو سەری مانگ ئەوا نرخی ئەمپێرێک دەگاتە سەرووی 20 هەزار دینار، بەو پێیەی بە قسەی خاوەن مۆلیدەیەک رۆژانە نۆ کاتژمێر کارەبا دەدەن، ئەگەریش ئەو بڕە جارانی 13 رۆژی دیکەی بکەین کە دەکاتە 117 کاتژمێر، ئەوا کاتژمێری کارکردنی مۆلیدەکان دەگاتە نزیکەی 300 کاتژمێر.

هه‌ژماركردنى بەهای ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە، کۆی کاتژمێر جارانی 55 بۆ 60 دینار دەکرێت، ئەمەش لەسەر بنەمای بڕیاری لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان کە سەر بە پارێزگای هەولێرە، ئەوانیش لەسەر بنەمای خەرجی و نرخی گازوایل نرخەکە دەستنیشان دەکەن.

مانگی رابردوو، نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بە 57 دینار دەستنیشانکرا، خاوەن مۆلیدەیەکیش دەڵێ: پێدەچێ ئەم مانگەش هەر هەمان نرخ بێت بەهۆی ئەوەی گۆڕانکاری زۆر بەسەر نرخی گازوایل نەهاتووە.

ئەگەر 300 کاتژمێر جارانی 57 دینار بکرێت، ئەوا نرخی ئەمپێرێک دەگاتە 17 هەزار.

ئەندازیار قارەمان جەوهەر، سەرۆکی لیژنەی کۆلیدە ئەهلییەکان لە پارێزگای هەولێر بە 964+ـی راگەیاند: پێشبینی دەکەین ئەوپەڕی بگاتە 20 بۆ 21 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک.

زیاتر وتیشی “ئەمەش دەکەوێتە سەر نرخی گازوایل و ژمارەکانی پێدانی کارەبای مۆلیدە”.

نزیکبوونەوەی نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە لە هەولێر بۆ 21 هەزار، لە کاتێکدایە لە هەولێر کارەبای 24 کاتژمێری نییە، بەڵکو بە مۆلیدەو حکومەت کەمتر لە 20 کاتژمێر کارەبا دەدەن، بەڵام دۆخەکە لە دهۆک جیاوازە.

لە دهۆک کە چاوەڕوان دەکرێت نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە بگاتە سەرووی 25 هەزار دینار، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لەو شارە 24 کاتژمێر کارەبا هەبووە.