پارێزگا ئامار و زانیاری بڵاوكرده‌وه‌

له‌ هه‌ولێر پلانی جه‌ژن چۆن جێبه‌جێ كرا؟

+964

ئەرسەلان عەبدوڵا

پارێزگای هەولێر، لە بارەی جێبه‌جێكردنی پلانی پارێزگا بۆ رۆانی جه‌ژنی ره‌مه‌زانی پیرۆز، ئامار و داتای بڵاوكرده‌وه‌.

پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یاندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا پلان و ئاماری جۆراوجۆری له‌ باره‌ی گه‌شتوگوزار، هاتنی گه‌شتیار و ئاسایش و چه‌ند بوارێكی دیكه‌ له‌ شاره‌كه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌دا هاتووه‌:

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ رۆژی جەژنی رەمەزان ، لەلایەن لیژنەى ئەمنیى پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.
ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەکەم/ گەشتوگوزار:-
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەوانەش دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ یٔەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە (69 هەزار و 499) گەشتیار.
دووەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
سێیەم/ پۆلیس:-
سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکراون، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (30) تاوان تۆمارکراوە، (28) تاوان ئاشکراکراوە، (2) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.
چوارەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (5) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لە ئەنجامیاندا (20) کەس برینداربون و (1) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستداوە.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (5) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى:
تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لەسێ ڕۆژی جەژن (8786) نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، (140) منداڵ لەدایک بووە و (240) نەشتەرگەرى بچووک ئەنجامدراوە و (979) حاڵەتى شوشتنی گورچیلە و (52) حاڵەتى سووتان هەبووە.
حەوتەم/ سەرۆکایەتی شارەوانی:
سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوونە و لەو ڕۆژانەشدا (8 هەزار و 150) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.

پارێزگای هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌چوونی پلانی رۆژانی جه‌ژن، دەستخۆشی لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان، هێزە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قەزا و ناحیەکان كردووه‌.

ئاسایشی هەولێر: سەرجەم قولە سەربازیەکانی گوندی شەوەک ت...

ئاسایشی هەولێر: سەرجەم قولە سەربازیەکانی گوندی شەوەک تێکدران