لە رۆژهەڵاتی کوردستان
دوو کۆڵبەر لە رۆژێکدا کوژران
964+
توانا نەقی
لە دوێنێوە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو کۆڵبەر کوژراون و لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەقز.
ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت لە ناوچە سنوورییەکانی شاری سەقز بووە هۆی گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێک، کە دووەمین کۆڵبەرە لە ماوەی رۆژێکدا کوژراوە.
دەشڵێت، کۆڵبەرەکە بەناوی ئومێد سەیدی تەمەن 44 ساڵ و خەڵکی سنە، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری “بەستام”، سەر بە شاری سەقز، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانی لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای چەندین کاتژمێر گەڕان لەلایەن خەڵکەوە لە سنووری بەستام تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.
کۆڵبەرەکەی دیکە ناوی مێهرداد عەبدوڵازادەیە و تەمەنی 20 ساڵە، خەڵکی سەردەشتە و لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری ئەو شارە بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت کوژراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە مانگی سێی ئەمساڵدا 13 کۆڵبەر کوژراون و 78ـی دیکەش بریندار بوون.