تایبەت بە ئەنفالکراوان
قەڵای نزارکێ دەکرێت بە مۆزەخانەی نیشتمانی
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
قەڵای نزارکێ مێژوویەکی کۆنی هەیە و لە ساڵی 1988 لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفالدا ژمارەیەک لە خەڵکی بادینانی تێدا ئەنفال کرا، ئێستا بەردی بناغەی دروستکردنی مۆزەخانەیەکی نیشتمانی تێدا دانرا.
مۆزەخانەکە یەکێک دەبێت لە مۆزەخانە مۆدێرن و گەورەکان و وەک هێشتنەوەی یادەوەری و خزمەتکردنێک بە کەسوکاری ئەنفالکراوان دروست دەکرێت.
حەسەن فەتاح، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی دهۆک بە 964ـی وت، قەڵای نزارکێ دەکەن بە مۆزەخانە و لەسەر رووبەری 117 دۆنم زەوی، چەندین هۆڵی پێشاندانی کەلوپەلی ئەو سەردەمە و زۆر کەلوپەلی دیکەی تیادا نمایش دەکرێت.
وتیشی، چەندین پارک و هۆڵی گەورەی تێدا دروست دەکرێت، گوژمەی پرۆژەکەش تا ئیستا دیاریی نەکراوە، بەڵام نیوەی تێچووی پرۆژەکە لەلایەن سەرمایەدارانی دهۆک و نیوەکەی دیکەشی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێم دەبێت.
میللەت عیسمەت، سکرتێری رۆژنامەوانیی پارێزگاری دهۆک بە 964ـی وت، دەست کراوە بە جێبەجێ کردنی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە و پرۆژەکە زۆر گەورە و نیشتمانییە و خزمەتێکیشە بە کەسوکاری ئەنفالکراوان.
قەڵای نزارکێ یەکێکە لەو شوێنانەی کەوا رژێمی بەعس بەشێکی زۆری خەڵکی بادینانی تێدا ئەشکەنجەداوە و ئەنفال کردووە.
لە کوردستان بە گشتی نزیکەی 182هەزار کەس ئەنفال کران و 4500 گوندیش خاپوور کران.
پێداچوونەوە: توانا نەقی