تورکیا کردویەتى
لە شارباژێر هاوڵاتییەک بە بۆردومانى فڕۆکە گیانى لەدەستدا
964+
وریا فەتاح
بەهۆى بۆردومانى فڕۆکەى جەنگى تورکیا هاوڵاتییەکى گوندى گەڵاڵەى شارباژێر گیانى لەدەستدا.
کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمى کوردستانى رێکخراوى (CPT)، بە 964ـى وت،”لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆسەر خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنی لە دۆڵی شۆرە لە گوندی گەڵاڵەی ناوچەی شینکایەتی پارێزگای سلێمانی، هاووڵاتییەکی مەدەنی گیانى لەدەستدا”.
بە وتەى کامەران مەلا عوسمان، بۆردوومانەکە لە کاتژمێر 11:00ـی شەوی رابردوو روویداوە و قوربانییەکە ناوی (م، س)ـەو تەمەنی لە نێوان 29 بۆ 34 ساڵدایە و دانیشتووی سلێمانیە.
“ئەو هاوڵاتییە بۆ کارى جوتیارى و رەزوباخ گەڕابووەوە بۆ گوندەکەى، بەڵام لە بۆردومانەکەدا گیانى لەدەستداوە”.
لاى خۆیەوە، کامەران حەسەن، قایمقامى قەزاى ماوەت بۆ 964 ئاشکراى کرد، ئەو هاوڵاتییەى لە رووداوەکەدا گیانى لەدەستداوە کەسیکى مەدەنییە و لە گوندەکەیان کارى کشتوکاڵى و باخدارى دەکەن.
وەک ئەوەى قایمقامى ماوەت باسى دەکات، نازانن هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە یان فڕۆکەى جەنگى، بەڵام لە هەمان شەودا دوو خانوى دیکە تەقێندراونەتەوە کە چۆڵ بوون.
ئەو خانووەکەى هاوڵاتییەکەى تێدا بە ئامانج گیراوە، دەکەوێتە دورى 10 کیلۆ مەتر لە دورى گوندەکە، ئەوەش بە قسەى قایمقامى شارباژێر.