400 ماڵن و بێ ئاوەڕۆن

گەڕەکێک بێ ئاوەڕۆیە و بەڕێوەبەری ناحیەش دەڵێت “بەمزوانە جێبەجێی دەکەین”


بڕوا مەجید – شارەزوور

گەڕەکی کانی ساردییەکانن لە کۆمەڵگەی نەسری سەر بە ناحیەی زەڕایەن، کە ژمارەیان زیاتر لە 400 ماڵە تائێستا ئاوەڕۆیان نییە و نیگەرانن، هەروەک لە هەندێک کاتدا بڵاوبوونەوەی بۆنەکەی نەخۆشی خستوون.

شوان ئەحمەد دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیە ئەو بە 964ی وت، خەڵک کە دێن لەباتی پرسینی نرخی خانوو و یان زەوی، لە خزمەتگوزارییەکان دەپرسن، ئێستا ئێمە لە یەکێک لە سەرەکیترین خزمەتگوزارییەکان بێبەشین کە پرۆژەی ئاوەڕۆیە.

عومەر نامیق، ئەنجومەنی کۆمەڵگەی نەسرە ئەو دەڵێت، دەرخسە بۆ پڕۆژەکە کراوە و داوایان لە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی زەڕایەن کردووە، جارێ گرفتی ئاوەڕۆیان لە کۆڵ بکەنەوە، ئەگەرچی هەندێک لە ماڵەکان کارەبای نیشتمانیان نییە و رێگەی قیریان بۆ رانەکێشراوە.

لە بارەی گرفتی ئەو کۆمەڵگەیە و نەبوونی ئاوەڕۆ، ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بە 964ی وت، وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی داوە لە خەرجکردنی بڕی 50 ملیۆن دینار، بەڵام وردەکاری دەرخستە و رێکارەکانی تێچوون ماوە، لە نزیکترین کات راکێشانی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ ئەو ماڵانە جێبەجێ دەکەین.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا