عەلی حەمە ساڵح سزادرا
964+
توانا نەقی – هەولێر
بە تۆمەتی ناوزڕاندن، عەلی حەمەساڵح بە 90 ملیۆن دینار سزا درا.
دادگای بەرایی سلێمانی عەلی حەمە ساڵحی بە 90 ملیۆن دینار سزادا، گوایە هۆکار بووە بۆ ناوزڕاندن و زیانگەیاندن بە کۆمپانیای دانانی کامێرای تیژڕەوی لە سلێمانی.
عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە 964+ـی راگەیاند: ئەمە سزادانێکی ناڕەوایە چونکە هەموو بەڵگەکانمان خستە بەردەم دادگا بەڵام ئامادەنەبوون گفتووگۆی بەڵگەنامەکان بکەن.
زیاتر وتیشی “وتوومە ئەوە پێچەوانەی یاسایە، بۆ دەوڵەمەندکردنی چەند کەسێکە”.
964+ دەزانێت، لەسەر سکاڵای ئەو کۆمپانیاییەی کە بەنیاز بوون کامێرای تیژڕەویی پۆینت تو پۆینت لە پارێزگای سلێمانی دابنێت، کە گوایە ناوی زڕاندوون عەلی حەمە ساڵح سزا دراوە.
“ئەگەر پێتان وایە بەو سزایە دەمترسێنن یان بتانەوێت پاشەکشە بکەم لەو بابەتە ئەوە هەڵەن و رێگە نادەین بەو سیستمە ئەو کۆمپانیاییە ئەو کامێرانەی تیژڕەوی دابنێت عەلی حەمە ساڵح وای وت”.
لە ماوەی رابردوودا و لە ساڵی پار بڕیار بوو، لە رێگاکانی پارێزگای سلێمانی 225 کامێڕای تیژرەوی جێگیر بکرێت کە بە سیستمی پۆینت تو پۆینت کاردەکەن، باڵام بەهۆی نارەزاییەتییەکانەوە دژی دانانی ئەو کامێرانە تا ئێستا نەکەوتوونەتە کار.