لە کۆیە
ئەو مزگەوتەی هەفتەی رابردوو پشێوی لێ دروست بوو ئەمڕۆ وتاری لێ نەخوێندرایەوە
964+
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
هەینی رابردوو لە مزگەوتی مەدینەی شاری کۆیە بەهۆی لادانی مامۆستای وتارخوێنی مزگەوتەکە و دانانی مامۆستایەکی دیکەی ئاینی لەشوێنی پشێوی دروستبوو و وتاردانەکە وەستا، ئەم هەفتەیە بۆ رێگری لە دروستبوونەوەی پشێوی وتاری لێ نەخوێندرایەوە.
سەرەتای کێشەکە لەوەوە دروست بوو، کاتێک مامۆستا هێمن بۆگدی لەوتار خوێندنەوە دوورخرایەوە و لەشوێنی ئەو مامۆستا محەمەد شیواشۆکی دانرا، هەفتەی پێشوو بەشێک لە نوێژخوێنان نەیانهێشت مامۆستا محەمەد وتار بخوێنێتەوە و داوای گەڕانەوەی مامۆستا هێمنیان کرد، ئەم هەینییە بۆ رێگری کردن لە دووبارەبوونەوەی پشێووی وتار لە مزگەوتی مەدینە نەخوێندرایەوە.
مامۆستا هێمن بۆگدی پێشنوێژ و وتارخوێنی لەکارلادراوی مزگەوتی مەدینە بە 964ی راگەیاند، “دوای لەکارلادانم بەڵێنم پێدرابوو بە بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکەن و بمگەڕێننەوە، یەکەم رۆژ بە ویستی خۆم وتاری جەژنم پێشکەش کرد، ویستم ئەمڕؤۆ هەینیش وتار بخوێنمەوە، بەڵام درەنگانی دوێنێ شەو هەواڵم پێگەشت کە لە کاتی خوێندنەوەی وتار، کەسانێک بەنیازن وتارەکەم تێک بدەن و پشێوی دروست بکەن بۆ ئەوەی ناشیرین بکرێم و دووربخرێمەوە”.
“بۆیە ئێمەش بە خەڵکی مزگەوتمان راگەیاند ئەم هەفتەیە وتار لە مزگەوت ناخوێندرێتەوە، بەڵام داخرانی مزگەوت هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە لە لایەن ئەو کەسانە داخراوە کە خۆیان بە خاوەنی مزگەوتەکە دەزانن” مامۆستا هێمن بۆگدی وای وت.