بۆ جەژن
پەلەوەری خۆماڵی تەقلەی بە مریشکی سپی لێداوە
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بەهۆی جەژنەوە بازاڕی پەلەوەری خۆماڵی گەرم بوو، پەلەوەر فرۆشەکان دەڵێن، دوو موچەکە هۆکاری بازاڕخۆشییان بووە.
لە شاری هەولێر لە شەقامی مەخمور بازاڕێکی تایبەت بە پەلەوەرە خۆماڵییەکان هەیە و هاوڵاتیان سەردانی دەکەن.
هاوڕێ مەعروف، خاوەن دوكانی مریشك بۆ 964 وتی، “بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ هاوڵاتیان خواستیان لەسەر مریشک و پەلەوەری کوردییە، بازاڕی مریشکی سپی کەمبووەتەوە”.
وتیشی، “ئەوانەی دەفرۆشرێن بریتین لە؛ قاز، قەل، مراوی و مریشکی کوردی”.
بەر لە هاتنی جەژن، حکومەتی هەرێم دوو موچەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کرد، ئەوەش وای هاوڕێ مەعروفی مریشکفرۆش کردووە بڵێت، “ئەو دوو موچەیە بازاڕی بەتەواوی گەرم کردووە و هاوڵاتیان دەیانەوێت بۆ ئەم جەژنە پەلەوەری کوردی بخۆن”.
بەپێی بەدواداچوونەکانی 964، لەو بازاڕەی شاری هەولێر نرخی کیلۆیەک قەلی کوردی بە 18 هەزار دینارە، قاز و کەڵەشێر بە 12 هەزار و مراوی بە 10 هەزار و مریشکی کوردیش کیلۆی بە 11 هەزار دینارە.
هاوڕێ مەعروف ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بازاڕخۆشییە رێژەیەکی کەمی نرخەکانی بەرز کردووەتەوە.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد