پێنجوێن.. سەرما خەڵکی هێنایە سەر شەقام و قایمقامیان بەزۆر بردەوە

بەدواداچوون- نێردراوی +964  محەمەد عومەر بۆ پێنجوێن

ماوه‌ى پێنج رۆژ دانیشتوانی قەزای پێنجوێن، لە سەر رێگەی پێنجوێن بۆ سلێمانی و پێنجوێن سەیدسادق، لە بناری ملەكەوە  گردبوونەوە.

ملەكەوە هەردوو خاڵی سنوری باشماخ و سەیرانبەن بە سلێمانی و سەیدسادقەوە دەبەستێتەوە.

خۆپیشاندەران داوایاندەكرد، كارەبای نیشتیمانی پێنجوێن بكرێت بە 24 كاتژمێری و هەروەها دوو بەرمیل نەوتیان پێبدرێت بە 30 هەزار دینار ، چونکە ئەو ناوچە ساردوسڕەی ئەوان بەرگەی بێ نەوتی و بێ کارەبایی ناگرێت, لەرۆژانێکدا کە پلەی گەرما بۆ خوار سفر دابەزیوە.

پاش پێنج رۆژی و چوار شەو لەشەو خۆپیشاندەرەكان ملەكەوەیان چۆڵكرد، بەڵێنیان پێدرا كە كێشەكانیان چارەسەر بكرێت ، خۆپیشاندەران چونە ماڵەوە.

لەنێو خۆپیشاندەراندا چەندین كەس بە خۆبەخشی خواردنیان بۆ خۆپیشاندەران ئامادەدەكرد بەشەو بەڕۆژ دەیانبەخشییەوە..

لەفەی گۆشت و جگەر و كەباب و شلە و برنج بەخۆرای دەدرایە  خۆپیشاندەران، تیمێكی خۆبەخشیش شوێنی خۆپیشاندانەكەی پاكدەكردەوە .

نێردراوی +964 لە نێو خۆپیشاندانەكاندا و لەگەڵ خۆپیشاندەرەكان باسی دۆخەكە دەكەن ، بەروونی دەیڵێن ئەوان نەبوونی خزمەتگوزاری هێناونێتییە سەر شەقام..

لە نێو خۆپیشاندانەكەدا دیمەنی جیاواز وێنەی جیاواز دەبینرێت، زۆربەی دیمەنەكان باس لە  دۆخی ناوخۆی پێنجوێن دەكەن و وێنەكان دیمەنەكە دەگوازنەوە.


لە كاتژمێرەكانی كۆتایدا، بەڵێن بە خۆپیشاندەران درا كە چارەسەری كێشەكانی دەكرێت و لە كەمترین كاتدا هەموو ئەو داخوازیانەی هەیانە چارەسەر دەكرێن ئەمرۆ خۆپیشاندەران چوونە بەردەم ماڵی قایمقام و داوایانلێكرد بگەڕێتەوە سەر كارەكەی، چونکە زانا رەحمان لەدوای دەستپێکردنی ناڕازییەکان دەستی لەکارکێشایەوەو پاڵپشتی خەڵکە ناڕازییەکەی کرد، ئەمڕۆش لەسەر داوای ئەو خەڵکە گەڕایەوە بۆ سەر کارەکەی.