وەزیرەکانی یەکێتی گروپی واتسئاپی حکومەتیان جێهێشت
+964
دیسکی کوردی
وەزیرەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گروپی واتسئاپی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان جێهێشت، چاوەڕوان دەکرێت بە توندیش وەڵامی مەسرور بارزانی بدەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی کانونی دووەم، دوای پەیامەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەریەک لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ، دکتۆر دارا رەشید وەزیری پلاندانان، دکتۆر ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری و شۆرش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کە دەستیشی لەکار کێشاوەتەوە، هەروەها تەواوی تیمی یەکێتی لە ئەنجومەنی وەزیران، گروپی واتسئاپی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشت.
جێهێشتنی گروپی واتسئەپی حکومەت لەلایەن وەزیرەکانی یەکێتی، لە کاتێکدایە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە 20ـی تشرینی یەکەمەوە بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکردووە، تەنانەت بەشێک لە وەزیرەکانیش بۆ ماوەیەک بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردبوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو تیمی یەکێتی بە +964ـی وت، بڕیارە هەر ئەمشەو تیمی یەکێتی وەڵامی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بداتەوە، بەڵام ئەم وەڵامەی ئەمشەو بەراورد بەوانەی پێشخۆی توندتر دەبێت.
هەر دوای پەیامەکەی مەسرور بارزانی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند کە وەڵامیان دەبێت.