وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان: هیچ گرێبەستێکی وەهمیمان نییە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەگەڵ ئەوەی هێشتا گومان لەسەر گرێبەستەکە هەیە، وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم رەتیدەکاتەوە گرێبەستەکەیان وەهمی بێت.
لە ٧ـی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان، بە مەبەستی بەجینۆساید ناساندنی ئەنفال گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای KG Lobby Center ئەنجام دا.
لەسەر ئەو گرێبەستە، ژمارەیەک پەرلەمانتار بەردەوام گومانیان لەسەر گرێبەستەکە کردووە، لەناویاندا کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی کە یەکەم پەرلەمانتار بوو ئەو پرسەی وروژاند.
عادل مەلا ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان جەخت لە وەهمی نەبوونی گرێبەستەکە دەکات، بە 964+ـی راگەیاند: ئەو قسە و لێدوانانە راست نین، ئێمە گرێبەستی فەرمیمان هەیە و ئەنجوومەنی وەزیران وردبینیی تەواوی بۆ کردووە و پەسەندیشی کردووە.
گرێبەستی وەزارەتی شەهیدان لەگەڵ کۆمپانیای KG Lobby Center لە سەرەتای مانگی کانونی یەکەمی 2022 لە میدیاکان بڵاوکراویەوە، دوای ئەوەی کاروان گەزنەیی پەرلەمانتار لە ئەکاونتی خۆی بڵاوکردەوە.