تا غەرامە نەکراوی چارەسەری دوکەڵی مۆلیدەکەت بکە

+964
هونەر فارس – کەلار

دوکەڵی بەشێک لە مۆلیدەی گەڕەکەکانی کەلار هاوڵاتیانی بێزار کردووە و ئەگەر چارەسەر نەکرێن غەرامە دەکرێن، بە قسەی وتەبێژی قایمقامی کەلار.

هاوڵاتیانی شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، بەهۆی دەنگی بەرز و دوکەڵی مۆلیدەی بەشێک لە گەڕەکەکانەوە دەناڵێنن.

هۆزان شێرزاد، هاوڵاتیەکی گەڕەکی شەهیدانە لە شاری کەرلار، بە وتەی خۆی دەنگی بەرز و دوکەڵی مۆلیدەی گەڕەکەکەیان بێزاری کردوون و داوا دەکات مۆلیدە ئەهلیەکان بکرێن بە کاتم سەوت و چارەسەری دوکەڵەکەیان بکرێت.

هاوکات، خالید عەبدوڵا، سەرکی لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکانی کەلار بە 964+ی وت، کە هەر گەڕەکێک سکاڵای لە مۆلیدەی گەڕەکەکەیان هەبێت ئاگاداری دەکەنەوە و دەبێت چارەسەری بکات.

هەر سەبارەت بەو رێگەچارانەی بۆ دەنگی بەرز و دوکەڵی مۆلیدەکان دەگیرێتە بەر +964 پەیوەندی بە هەردی سەرکەوت وتەبێژی قائیمقامی کەلار کرد، لەوەڵامدا پێی راگەیاندی، هەر مۆلیدەیەکی نوێ کە دادەنرێت دەبێت کاتم سەوت بێت، بەڵام ئەوانەی کە کۆنن بەهۆی گرانی نرخەکانیانەوە خاوەنەکانیان توانای گۆڕینیان نییە و بۆ ئەوەی دەنگەکەی کەمبکرێتەوە دەبێت دیواریان بۆ بکرێت.

جەختیشی کردەوە، هەر مۆلیدەیەک دوکەڵی هەبێت ئاگاداری دەکەنەوە و ئەگەر هەر چاکی نەکرد غەرامەی دەکەن.