کۆتایی ئەمساڵ دەستپێدەکات

پلاندانان دەیەوێ سەرژمێری کاری دەوڵەتی لەسەر بنیاد بنرێت


ئەحمەد مستەفا

لە 20.11.2024 لە یەک کاتدا سەرژمێری دانیشتووان و نیشتەجێ بووان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدەدرێ، وەزارەتی پلان دانانی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی، پڕۆسەکه نەخشە رێگاو پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بنیاد بنرێت.

رۆژى یەکشەممە 7.4.2024، لە دیوانی وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان، کوبوونەوەیەکی تایبەت بە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە بەشداری بەڕێوەبەر گشتی ئامار و بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگاکان بەڕێوەچووە.

بە قسەی سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان بێت بۆ 964، لە کۆبوونەوەکەدا قسەی بەرچاو ئەوە بووە کە دەبێت ئەو پڕۆسەیه نەخشە رێگاو پلانی کاری دەوڵەتی لەسەر بنیاد بنرێت، بە تایبەت لە بواری پەرەپێدان و پێشوەچوون و ئاوەدانکردنەوەد، هەروەک ئامەژە بەوە کراوە لەخزمەتی خەڵکدا بێت و دوور بێت لە مەرامی سیاسی.

سەبارەت بەناوچە کوردستانییەکان، رای وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان وابووە، کە نابێت پڕۆسەکە بچێتە چوارچێوەی سیاسی و ببێتە هۆکارێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە، چونکە وەکو ئەو ئاماژەی بۆ کردووە، کورد، تورکمان و پێکهاتەکان مێژوویەکی تاڵیان هەبووە لەگەڵ سەرژمێرییەکانی پێشووتر .

وا بڕیاره کۆتایی ئەمساڵ 20.11.0124 سەر ژمێری گشتی دانیشتووان و نیشتەجێ بووانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، سیروان محەمەد دەڵێت، لە ماوەی رابردوو لە پەیوەندی بەردەوام بووین لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی تێگەیشتنێک دروست بێت لەسەر رێکارەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی، بەتایبەت دیاریکردن و پێدانی بەشه بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق کە بەم دواییە رێکەوتنی لەسەر کراوە.