لە عێراق حکومەت ئینتەرنێت دابەش دەکات

964+
عادل کانەبی – هەولێر

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق بڕیاریداوە نرخی ئینتەرێتی بێ سنور بۆ مانگێک بکاتە 15 هەزار دینار، وەکو پاڵپشتییەک بۆ خەڵکی ئاسایی.

ئەم پرۆژەیە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەکەوێتە کار، بەگوێرەی بڕیاری ئەو وەزارەتە.

رۆژی شەممە، 14ی کانونی دووەمی 2023، هەیام ئەلیاسری، وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا وتی، ئەو هەنگاوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرانیەی نرخ و خراپی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتە کە بە هاوڵاتیان دەدرێت.

بە قسەی ئەو وەزیرە، لە عێراق زیاتر لە 100 کۆمپانیای بواری دابینکردنی ئینتەرنێت هەن کە لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت.

پرۆژەکەی وەزارەت بریتیە لە پاڵپشتیکردنی هاوڵاتیان بۆ دەستکەوتنی ئینتەرنێت، بڕیاردراوە 10 گێگابایتی مانگانە بدرێتە هەر ماڵێک لە عێراق.

وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق ئەوەشی وت “نرخی بەشداریکردن لە 15 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 100 گێگابایتی مانگانە بە خێراییەکی بەرز”.

+964 بۆ ئەم پرسە پەیوەندی بە وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان کرد، کە ئایا هیچ پلانێکی هاوشێوەیان هەیە، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.