کاتی تێکەڵڕێژکردنی کۆڵانێکی گەڕەکەکە - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
گەڕەکی چوارچرای سلێمانی
بۆ ئەم جەژنە قووڕ و تەپوتۆزیان لەکۆڵ بووەتەوە
964+
پێشەوا محەمەد
دانیشتوانی گەڕەکی چوارچرا لە شاری سلێمانی ئەم جەژنە لەناو قوڕاو و تەپوتۆزدا ناکەن، چونکە داواکارییەکەیان لە لایەن شارەوانییەوە جێبەجێکرا و کۆڵانەکانیان تێکەڵڕێژ کرا.
لە دوێنێوە شارەوانیی سلێمانی سەرقاڵی تێکەڵڕێژکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی چوارچرایە و بۆ جەژن ئامادە دەبێت.
“داواکارییەکی زۆری تێکەڵڕێژ و قیرتاوکردنی گەڕەکەکان هاتووەتە شارەوانی، بەپێی پێویست و ئیمکانیان چاک دەکرێن و داواکارییەکان جێبەجێ دەکرێن”، ئەوە قسەی زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانییە بۆ 964.
وتیشی، “دانیشتوانی ئەو گەڕەکە دەمێک بوو داواکاریی چاککردنی کۆڵانەکانیان بەرزکردبووەوە بۆیە بۆیان جێبەجێ کرا”.
964 لە شارەوانیی سلێمانییەوە دەزانێت داواکارییەکی زۆریش بۆ قیرتاوکردن هەیە و بەڕێوەبەرایەتییەکە خۆشی بۆ شەقامە گشتییەکان پێویستی پێیەتی.
وەک وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی پێ دەدات، کارگەی تانجەرۆ، کە تایبەت بە بەرهەمهێنانی قیر بۆ شارەوانیی سلێمانی تا مانگی پێنج ناکەوێتەوە کار و لەو بەروارە بەدواوە دەست بە قیرتاوکردن دەکەنەوە.