وەزیری نەوتی عێراق

بەبێ ئاماژەکردن بۆ نەوتی هەرێم باسی زیادبوونی بەرهەمی نەوتی عێراق دەکات

964+

فەهمی نەبی

وەزیری نەوتی عێراق لە دیدارێکی رۆژنامەوانی دەڵێت، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق نزیک بووەتەوە لە پێنج ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، بەڵام بەبێ ئەوەی باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکات.

ئەمڕۆ هەینی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دیدارێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراق ئەنجامداوە و داتاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی خستووەتە روو.

بەگوێرەی داتاکانی وەزیری نەوتی عێراق بێت، بەرهەمی غازی عێراق لە رۆژێکدا دەگاتە سێ هەزار و 200 ملیۆن پێ سێجای ستاندارد، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق لەسەر ئاستی جیهان پلەی دوانزەهەمینی یەدەگی ‌‌غازی گرتووە، کە بەشی هەرە زۆری غازەکەی لە بەشی رۆژئاوای وڵاتە و 15 رووبەری یەدەگی غازی هەیە.

سەبارەت بە بەرهەمهێنانی غاز، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت: گرێبەستێكمان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کردووە بۆ بەرهەمهێنانی 600 ملیۆن پێ سێجا غاز، هاوکات ئاستی وەبەرهێنانی غاز لە عێراق ئێستا گەیشتووەتە 62%ی بەردەوام.

بیرتان دەهێنینەوە رۆژی 27.3.2024 وەزارەتی نەوتی عێراق گرێبەستێکی پێنج ساڵەی لەگەڵ کۆمپانیای نیشتیمانی غازی ئێرانی واژۆ کرد و گرێبەستەکە پرۆسەی پەمپکردنی 50 ملیۆن مەتر سێجا غازی رۆژانە لە خۆدەگرێت کە ئێران بۆ عێراقی دەنێرێت.

عێراق گرێبەستێکی پێنج ساڵەی بۆ کڕینی غازی ئێرانی واژۆ ...

عێراق گرێبەستێکی پێنج ساڵەی بۆ کڕینی غازی ئێرانی واژۆ کردەوە

لەو دیدارەی، حەیان عەبدولغەنی باسی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی نەکردووە، ئەمەش لەکاتێکدا ساڵێک زیاتر بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی نەوتی هەرێم راگیراوە، ئازارئ ئەمساڵ کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور”، راپۆرتى زیانەکانى راگرتنى نەوتى هەرێمى بڵاوکردە و بەپێى زانیارى کۆمەڵەکە، راگرتنەکە لەماوەى یەک ساڵدا 11 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاکانى بوارى نەوت گەیشتووە.