ئەگەر لە سلێمانیت

هەر چوویتە دەرەوە تا پارکی ئازادی مەوەستە

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی ئیشوکارەکانی ناو پارکی ئازادیی شاری سلێمانی چڕکردووەتەوە و دەڵێت، بە روویەکی گەش و رازاوەوە دەردەکەوێت.

لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە بەڕێوەبەرایەتییەکە هەڵمەتی پاککردنەوە و چاکسازیی لە ئینارە و رووناکییەکەی و دانانی کورسیی نوێ و بۆیاخکردن تێیدا دەستیپێکردووە.

عەلی حامید، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی باخچەکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، جگە لەوانە بڕینی چیمەن و کێڵان دەکرێت و دیمەنێکی ناوازە و جوان لە پارکی ئازادی دروستبووە.

وتیشی، “دوو دەریاچەکە کارەکانیان لە کۆتاییدایە و دوای تەواوبوونیان ئاویان تێدەکرێتەوە و هەم جوانییەکی بێوێنە دەدەن بە پارکەکە و هەم دەبنە سەرچاوەی ئاودان لە پارکەکەدا”.

پارکی ئازادی لە سلێمانی رووبەرەکەی 176 دۆنمە، ساڵی رابردوو بە هەشت قۆناغ نۆژەن کرایەوە و دوو ملیار دیناری بۆ دابین کرابوو.

عەلی حامید راشیگەیاند، کارکردن لە پارکەکە بەردەوام دەبێت و لە دوای جەژنی رەمەزانیشەوە پلانیان هەیە کارکردنەکانیان بۆ جوانکردنی باخچە و بلوارەکان دەستپێبکەن.

لەناو شاری سلێمانی زیاتر لە 500 باخچە و 90 بلوار و حەوت پارکی گەورە بوونیان هەیە.