دیمه‌نى به‌شێك له‌و دارستانه‌ى دسروشتییهى له پێنجوێن له‌ناو براوه... وێنه: پۆلیس و دارستان و ژینگه‌ى سلێمانى
سێ كه‌سیان ده‌ستگیر كردوون
له پێنجوێن رووبەرێکی فراوانی دارستان لەناو بران
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌م به‌یانییه له سنوورى قه‌زاى پێنجوێن پۆلیسی دارستان ده‌چێته شوێنێك كه دارستانى سروشتى لێیه، ده‌بینێت رووبه‌رێكی زۆرى ئه‌و دارستانه له‌ناوبراون.
وه‌ك له دیمه‌نه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت به شۆفڵ و ئامێری دیكه زۆربه‌ى داره‌كانى ئه‌م دارستانه له‌ره‌گه‌وه هه‌ڵێشراون و له شوێنی خۆیشی به‌جێیان هێشتوون.
جۆرى داره‌كان به‌ڕوو و مازوون.
پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ى سلێمانى باس له‌وه‌ده‌كات، ئه‌وه‌ى روویداوه له گوندى بناوه‌سوته‌ى سنوورى قه‌زاى پێنجوێنه و سێ كه‌سیش له‌لایه‌ن پۆلیسی دارستانى ئه‌م قه‌زایه ده‌ستگیركراون.
ده‌شڵێت “ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستگیركراون، هەستابوون بە لەناوبردنی داری سروشتی و شێواندنی زەوی دارستانەکە”.
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەى هه‌رێم، سزای بڕینەوەی داری تەڕ و سەوزى به به‌ندكردن و پێبژاركردنى پاره ده‌ستنیشانكردووه.
هەر کەسێک داری تەڕ و سەوز ببڕێتەوە بە 500 هەزار دینار سزا دەدرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌و سزا داراییەش نەدات، بە سێ مانگ بەندکردن سزا دەدرێت.