پرسیاری لەبارەوە کراوە

لە بری پارە چۆن کاڵا وەک زەکات بە هەژاران بدرێ؟


ئەحمەد مستەفا

زۆرێک لە خەڵکی پرسیار دەکەن، دروستە لە جیاتی پارە، شتومەک و کاڵای ناو دوکان، مارکێت و کۆگاکانیان بدەن بە کەسانی هەژار لە زەکاتدا، یاخود پێویستە هەر بە پارە زەکاتەکانیان بدەن؟

ئەو پرسیارە، زۆرێک لە خەڵک رووبەرووی زانایانی ئاینی کردووەتەوە بە تایبەت لە مانگی رەمەزاندا، دکتۆر حه‌سه‌ن خالید موفتی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی هەرێمی کوردستان ئەوەی ئاشکراکرد و بە 964ی وت، “لە شەرعدا ئەسڵ وایە لە هەر جینس و نەوعێک زەکات واجب ببێت لە هەمان جینس و نەوعیش زەکاتەکە پێویستە بدرێت”.

ئەو روونتری دەکاتەوە وتی، لەبەر ئەوەی کە شتومەکی بازرگانی بە تایبەت لەم کاتەدا بە ئاڵوگۆڕ نییە، بەڵکو بە پارە دەکڕدرێت و دەشفرۆشرێتەوە، بۆیە پارەکە واجبە بدرێت لە زەکاتدا، چونکە هەژارانیش بۆ خۆیان راشیدن و دەزانن پێویستی خۆیانی لێ دابین بکەن.

ئەی ئەگەر کەسێک ویستی لە جیاتی پارە کاڵا بدات لە زەکاتی ماڵیدا؟، ئەو ئەندامەی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایان دەڵێت، ئەوا پێویستە پرس بکات بە هەژارەکە، ئەگەر بە هەڵبژاردەی خۆی رازی بوو، هەروەها بەرژەوەندی زیاتری لە کاڵاکاندا هەبوو، ئەوا دروستە و کێشەی نییە.

چاوی لەوەش بوو بڵێت، دەبێت خەڵک هۆشیار بن و بزانن، ئەگەر چەند جۆر کاڵا لە دوکانەکەیان هەبوو لەو حاڵەتەدا، یان لە کۆگاکەیدا هەبوو پێویستە زەکاتەکە هەمە جۆر بکات لە تێکڕای کاڵاکان، چونکە پەیوەندی زەکات بە هەموویانەوە هەیە، هەروەها واجبە لە جۆری کاڵا و شتومەکی مامناوەندی بدەیت، نەک کەم نرخ یان عەیبدار یان بێ بازاڕی.

رۆژی 13.3.2024، ئەنجومەنی باڵای فەتوا، رێژه‌ی زه‌كات و سه‌رفیتره‌و فیدیه‌ی بۆ ئەمساڵ دیارى کرد و کەمترین رێژەى سەرفیترەش 2500 دینارە.

مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی، بەرپرسى راگەیاندنى یەکێتى زانایان ئەوکات به‌ 964ـى وت، رێژه‌ی سه‌رفیتره‌ بۆهه‌ر كه‌سێك له‌ ئه‌مساڵدا به‌لایه‌نی كه‌م 2500 دینار ده‌بێت و ئه‌ندازه‌ی فیدیه‌ی به‌ڕۆژوو نه‌بوون بۆ هه‌ر رۆژێك 2500 دینارە.

لەبارەى زەکاتیشەوە، ئەنجومەنى باڵاى فەتوا بەم شێوەیە دیارى کردووە کە ئه‌ندازه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی زه‌كات تیایدا واجب ده‌بێت بریتییه‌ له‌ دوو ملیۆن و 100 هه‌زار دیناری عێراقی، واتا هه‌ر كه‌سێك دوو ملیۆن و 100 هەزار دینارى هەبێت و ساڵی به‌سه‌ردا سوڕابێته‌وه‌، پێویستە بۆ هه‌ر ملیۆنێك 25 هه‌زار دیناری عێراقی به‌زه‌كات بدات به‌ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌تان.