ڤالمارا مینە ترسناكەکە
لەگەڵ 7 ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستان چاندراوە
964+
فەرهاد حەسەن
هەموو مین و تەقەمەنییەك بۆ مرۆڤەكان ترسناكن، بەڵام ڤاڵمارا ترسناكترینیانە.
ئامارە نێودەوڵەتییەكان بە شێوەیەكی ترسناك باسی بڵاوبوونەوەی ئەو جۆرە مینە دژە كەسییە دەكەن، بە جۆرێك لەو وڵاتانەش چێندراون كە هەژارن، یان شەڕ و ململانێیان لێیە، لەوانەش، وڵاتانی وەك ئەنگۆلا، سودان، مۆزەنبیق، بیابانی رۆژئاوا، میسر، كوێت، توركیا، ئێران و عێراق، كە تەنیا لەناو عێراقدا 20 ملیۆن مین چێندراوە و لەناویشیدا 7 ملیۆنی لەناو خاكی هەرێمی كوردستاندان.
زۆر جۆری مین لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتیش لە ناوچە سنوورییەكان چێندراون، بەڵام بە بڕوای دەزگای مینی هەرێم كە كاری پاكسازی مین دەكات، ڤاڵمارا لە هەرە ترسناكترین مینەكانە.
شارەزایانی بواری هەڵگرتنەوەی مین دەڵێن، ترسناكی ڤاڵمارا لەوەدایە لەكاتی تەقینەوەیدا بە دووری 40 مەتر لە چواردەوری خۆیدا ئاگر فڕێدەدات، 500 مەتر بەدەوری خۆیدا مرۆڤ دەگوژێت، ناو مینەكە 2700 پارچە ساچمەی تێدایە كە لەكاتی تەقینەوەیدا هەموویان دەبنە یەك پارچە ئاگرو سوور دەبنەوە.
لەوەتەی ساڵی 1992 لە هەرێمی كوردستان دەست بە پاككردنەوەی خاك لە مینەكان كراوە تواندراوە لە كۆی رووبەڕی 776 كیلۆمەتر دوجای خاكی پیسبوو بە مین 60% ئەو رووبەرە پاكبكەنەوە و تا ئێستاش 255 كیلۆمەتر زەوی مینرٍێژكراو لەهەرێمی كوردستان ماوە، كە ڤاڵمارە بەشێكی گرنگ و سەرەكی ئەو مینە چێندراوانەیە.
نەتەوە یەكگرتووەكان هەموو ساڵێك رۆژی 4ی نیسانی تایبەت كردووە بە رۆژی جیهانی هۆشیاركردنەوە لە مەترسییەكانی مین، بۆ یەكەمجاریش لە ساڵی 2005 ئەو رۆژەی دیاریكرد.