ئێزیدییەکان کلتووری خۆیان بە گۆرانی و موزیک لەهەولێر نمایش کرد

میدیازان – عەلی زەیتۆ – هەولێر

بۆ یەکەمجار لەهەولێر، گروپی میوزیکی میرزۆی ئێزیدییەکان کۆنێسێرتێکی گۆرانی و میوزیکی دەڤەری شنگالیان نمایش کرد.

ئێوارەی دوێنێ شەممە ٢٢ـی تشرینی یەکەم، لە فێرگەی فرێمینگ لەشاری هەولێر  گروپی میوزیکی میرزۆ، کۆنسێرتێکی گۆارنی فۆلکۆری دەڤەری شنگالیان نمایشکرد.

کۆنسێرتەکە، بەسپۆنسەری پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی بوو کە ماوەیەکی زۆرە پشتگیری کاری هونەری لەعێراق دەکات.

فەهد حەربۆ، سەرپەرشتیاری گروپەکە بە میدیازانی وت، بە ئامێرە میللییەکانی وەک دەف و زۆڕنا، چەندین گۆرانی فۆلکلۆری دەڤەری شنگالمان پێشکەش کرد.

زیاتر وتی “ئامانجی ئێمە لەپاڵ خستنەڕوو، مەبەستمانە داب و نەریت و کلتوری ئێزیدیان لەناوچەکە هەم بناسێنین و هەمیش پارێزگاری لێ بکەین”.

گروپی میوزیکی میرزۆ، ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوەو لە ١٩ ژەنیار پێکدێن، لەم ١٩ ژەنیارە وەک فەهد باسی دەکات، ١٥ـیان گۆرانیش دەڵێن.

ڤیدیۆ/ عەلی زەیتۆ – میدیازن

دەروێش عەبدۆ و چیای شنگالێ، دیارترین دوو گۆرانی فۆلکلۆری دەڤەری شنگالە کە گروپی میوزیکی میرزۆ لە کۆنسێرتەکەی هەولێر، پێشکەشیان کرد، جگە لەمەش چەندان گۆرانی تری ناوچە جیاوازەکانی تری کوردستانیشیان پێشکەش کرد.

فەهد حەربۆ، زیاتر روونی کردەوە کە پلانیان هەیە لە داهاتووی نزیکدا لە کەمپی ئاوارەکانی ئێزیدییەکان لە دهۆک، بەهەمان شێوە کۆنسێرت بکەن، وتی “لە بەرنامەمانە لە سلێمانیش کۆنسێرت بکەین”.

کۆنسێرتەکەی هەولێر، تەنیا حەوت هونەرمەند بەشدارییان کرد، لەوێ ئەو گرپە خۆیان بە ئامادەبووان ناساند کە ژامرەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی هەولێرو هونەردۆستان ئامادی بوون.

  هونەرمەند بێریڤان حەموش، کە یەکێکە لە هونەرمەندەکان کە پێشانگایەکی تابلۆی لە فێرگەی فرێمینگ کردۆتەوە، لە ئێوارە کۆنسێرتەکەی گروپی میرزۆ ئامادەبوو، دەڵێ، ئێوارە ئاهەنگێکی زۆر جوان بوو،  “زۆریش چێژم لە بیستنی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانی دەڤەری شنگال بینی”.

زیاتر وتی “گرنگە ئەم چالاکییە هونەرییانە بەردەوام بن لەپێناو ناساندنی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردی بەیەکتری”.