ئامێرەکانیش ئیش نەکەن هەر غەرامەتان دەکەین
هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت: سزای سەرپێچیکردن بەردەوام
میدیازان – دیلان محەمەد – سلێمانی
ئەگەرچی ئامێرەکانیان بۆ تۆمارکردنی سەرپێچی لەکارکەوتون، بەڵام هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، لە سزادانی شۆفێران بەردەوامن.
شەوی رابردوو، دەنگۆیەک بڵاوکرایەوە، کە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی، ئامێرەکانی تۆمارکردنی سەرپێچیPDA لەکارکەوتوون و ئامێرەکانی تێستی مەینۆشیش لە مەفرەزەکان سەندراوەتەوە.
عەقید بەختیار محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتوچۆی سلێمانی دەنگۆی یەکەمی بۆ میدیازان پشتڕاستکردەوە، بەڵام رەتیکردەوە ئامێرەکانی تێستی مەینۆشی لە مەفرەزەکان سەندرابێتەوە.
ئەو وتی، ئامێرەکانی تۆمارکردنی سەرپێچی بە مەبەستی ئەپدەیتکردنەوە کشێندراونەتەوە، بەڵام لە رێگای پسوڵەوە سزای سەرپێچیکردنی شۆفێران بەردەوامە.
ئامێری PDA لەلایەن ئەفسەرانی هاتوچۆ هەڵدەگیرێت لەسەر شەقام و بازاڕەکان، ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکە و جۆری سەرپێچییەکەی تێدا تۆماردەکرێت و دوای چەند خولەکێک بە نامەی مۆبایل ئاگادارکردنەوەی سزاکە دەچێت بۆ خاوەنی ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکە.