بە باندێکی سێ کەسی بووە

پێش چوونە دەرەوەی لە عێراق ملیۆنان حەپی کەپتاگۆن دەستیبەسەردا گیرا


ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ سێشەممە، دەزگای هەواڵگری عێراق تۆڕێکی نێودەوڵەتی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکانی دەستگیرکرد، لە سێ کەس پێکهاتبوون، کە “بارێکی گەورەی حەبی کەپتاگۆنیان پێ بوو هەوڵیانداوە، بیگەیەنن بە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ”.

دەزگای هەواڵگری عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، پاش بەدواداچوونی تۆڕەکانی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق توانی گروپێکی تاوانکاری دەستگیر بکات کە پێکهاتووە لە سێ کەس کە هەڵگری ڕەگەزنامەی بیانین.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو تۆڕە پەیوەست بووە، بە تۆڕی نێودەوڵەتی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و ئەوان خاکی عێراقیان وەکو رێڕەوێک بەکاردەهێنا بۆ گەیاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی دراوسێ.

ئۆپەراسیۆنەکە لەسەر بنەمای هەوڵێکی هەواڵگریی چۆنایەتی ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا ناسنامەی ئەو ئەندامانەی تۆڕەکە ئاشکرا بووە کە لەژێر پەردەی کۆمپانیایەکی گواستنەوەی کاڵا بۆ عێراق و لە عێراقەوە کاردەکەن، دوای ئەوەی بارێکی گەورەی حەبی مادەی هۆشبەری کەپتاگۆنیان پێگەیشتووە کە شاراوە بوون لەگەڵ کەرەستەی خاو وەک ئامادەکاری بۆ گواستنەوەیان بۆ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ، دەستگیرکران و دەست بەسەر کەرەستەکاندا گیرا.

دەزگای هەواڵگری عێراق ئەوەشی وتووە، ئەو مادەی هۆشبەرەی لەبەردەستیاندایە و بەپێی پێویست رادەستی دەسەڵاتی دادوەری دەکرێن بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەی خۆیان.

حەبی کەپتاگۆن لە مادەی ئەمفێتامین دروست دەکرێت و بەشێوەیەکی سەرەکی لە سووریا و لوبنان بەرهەم دە‌هێندرێت و یەکێکە لە مادە هۆشبەرە مەترسیدار و قەدەغە کراوەکان.