لە هێرشەکەی ئەم ئێوارەیەی دیمەشق کوژرا

محەمەد رەزا زاهیدی کێ بوو؟

964+

فەهمی نەبی

ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەکانی ئیسرائیل بەشی کونسولیەی باڵیۆزخانەی ئێرانیان لە ناوچەی ئەلمەزەی دیمەشق بۆردوومان کردو نیو کاتژمێر دوای بۆردوومانەکە کوژرانی محەمەد رەزا زاهیدی سەرکردەی باڵای فەیلەقی قودسی ئێرانی پشتڕاست کرایەوە.

هەر زوو دەستەی پەخشی ئیسرائیل وتی، فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی چاودێری باڵیۆزی ئێرانی کردووە کە لە باڵەخانەکە چووەتە دەرەوە ئینجا بۆردوومانەکەی کردووە و محەمەد رەزا زاهیدی بەئامانج گیراوە، هەر وابوو دوای بۆردوومانەکە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی سەلامەتی باڵیۆزی ئێرانی لە دیمەشق راگەیاند.

لەگەڵ وێرانبوونی تەواوەتی بەشی کونسولیەی باڵیۆزخانەی ئێران، کوژرانی شەش کەس راگەیەنراوە، بەڵام کەناڵی فەرمی حکومەتی ئیران دەڵێت، ژمارەیەک دیبلۆماتکاری ئێرانی لە هێرشەکە کوژراون.

محەمەد رەزا زاهیدی کێ بوو؟

ئەوەی ئێستا لەبارەی پلە سەربازییەکەی ئەو فەرماندەییە بڵاوکراوەتەوە، زاهیدی سەرکردەی باڵای فەیلەقی قودس بووە لە سوریا و لوبنان، لەنێوان ساڵەکانی 2015 بۆ 2018 جێگری سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران بووە.

بەشداری شەڕی ئێران و عێراق، لەگەڵ ئەوەدا بەشداری شەڕی سوریای کردووە لەساڵی 2013 بەدواوە.