عێراق لێکۆڵینەوە لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە دەکات

+964

دیسکی کوردی

لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراقی لێکۆڵینەوە دەکات.

لێکۆڵینەوەکەی حکومەتی عێراق، پشت دەبەستێت بە لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی دوو پسپۆڕی ئەڵمانی و سویسڕی کە لەسەر ئەمە راپۆرتێکیان بە حکومەتی عێراق داوە.

بەپێی نووسراوێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە ژمارە (3002/2221968) لە 29ـی مانگی رابردوو کە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی کردووە، داوا لە وەزارەتی دەرەوە دەکات لێکۆڵینەوە لەو راپۆرتە بکات.

راپۆرتەکەی هەردوو پسپۆڕە ئەڵمانی و سویسڕییەکە، لەلایەن سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکات.

سۆران عومەر، لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق کە راپۆرتەکەشی هاوپێچ کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشتر راپۆرتەکەی بە نووسراوی ژمارە 221 لە 30ـی ئایاری 2022 لە رێگەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی کردووە، بەڵام “هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان نەکردووەو لیژنەشیان پێکنەهێناوە”.

لە پەرەگرافی سێیەمی نووسراوەکەیدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، سۆران عومەر داوا لە محەمەد شیاع سوودانی دەکات کە لیژنەی لێکۆڵینەوەی بۆ پێکبهێنێت.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر داوای ئەو پەرلەمانتارە، داوای لە وەزارەتی دەرەوە کردووە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت.