فریاد فازڵ بە خەڵاتی سەرۆکی ئەڵمانیا گەڕایەوە کوردستان
+964
هێرۆ مەولودی – هەولێر
کوردێک، دەچێتە ریزی لێهاتووەکانی ئەڵمانیا و خەڵاتی سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە وەردەگرێت، دەڵێ: خەڵاتەکەم پێشکەشی کورد دەکەم.
دکتۆر فریاد فازڵ، سەرۆکی ئینستیویەتی خوێندنی کوردی لە بەرلین، کە مانگێک لەمەوبەر خەڵاتی لێهاتوویی لە سەرۆکایەتی کۆماری ئەلمانیا پێبەخشرا.
شەوی رابردوو دکتۆر فریاد فازڵ، لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتەوە کوردستان، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، هەروەها جێگری پارێزگاری هەولێر لە پێشوازیدا بوون.
“خەڵاتەکە بە هی نەتەوەی کوردی دەزانم و خەڵاتی لێهاتووی نەتەوەی کوردەو پێشکەشی نەتەوەی کوردی دەکەم”. دکتۆر فریاد فازڵ وای بە +964 وت.
ئەم ئەکادیمیستە کوردە خاوەنی دوو فەرهەنگی ئەڵمانی – کوردی و کوردی – ئەڵمانی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجیە، هەروەها داستانی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بۆ هەردوو زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی وەرگێرِاوە.
دکتۆر فریاد فازڵ زیاتر وتی “ئەم خەڵاتە بە هۆی 38 ساڵ خزمەت و کارامەی دراوە بە من، هەروەها کاری مرۆڤدۆستانەی رێكخراوەکەمانە بۆ داکۆکی لە کەمە نەتەوەکان لە ئەڵمانیا”.
خەڵاتی لێهاتوویی، خەڵاتێکی تایبەتی سەرۆکایەتی کۆماری ئەڵمانیایە و لە ساڵی 1951 بۆ یەکەمجار بەخشراوە، تا ئیستا بە 261 هەزار کەس لە دانیشتوانی ئەڵمانیا بەخشراوە.