خەڵک هەیە تا چوار ملیۆن دینار شتی بە قەرز بردووە و ناتوانێت بیداتەوە
بێ موچەیی دەفتەری قەرزی هێنایەوە
+964
شۆرش عەبدوڵا
ئەم موچە دواکەوتنە هەموو شتێکی تێکداوە، بەشێکی زۆر لە دوکاندارەکان ناچاربوون دەفتەری قەرز دابنێنەوە، چونکە چاریان نەماوە و خەڵک پارەی نییە بیانداتێ.
ماوەیەک بوو هەرچی دوکانێکت دەبینی بە گەورەیی نوسیبووی ”قەرز نییە.. تەنانەت بۆ تۆش” ئیتر ئەوە نەما، زۆربەی دوکاندارەکان ناچاربوو دەفتەری قەرز دابنێنەوە، ئەو دەفتەرەی لەسەرەتای دوو هەزارەکانەوە باوی نەما، چونکە خەڵکی دەمودەست پارەیان دەدا.
لە دەفتەری قەرز ناوی کەسەکە دەنوسرێت و هەرجارێک چەندە شت دەبات دوکاندار لەسەری دەنوسرێت، تا ئەو کاتەی خوا دەرووی لێدەکاتەوەو ساقی و باقی دەکەن و قەرزەکە ساف دەکەن.
پەیامنێرانی 964 لە هەولێرو سلێمانی چوون لە حاڵی دوکاندارەکانیان پرسی، دەیانوت باوی دەفتەری قەرز هاتووەتەوە.
رۆژگار عەبدوڵا دوکاندارێکە لە سلێمانی، قسەی بۆ پەیامنێری 964 کردووەو دەڵێت لە رۆژێکدا 15 بۆ 20 کەس داوای قەرز دەکەن ”ئێمەش ناتوانین سیقە بە کەس بکەین و قەرزیان بدەینێ”.
نزار مەلا لە هەولێر دوکاندارە، ئەویش بە 964ی وت ”ئەوەی تائێستاش خۆی گرتبوو ئەویش کەوتە قەرزکردن.. خەڵک هەیە ملیۆن و نیوێک قەرزدارە، دوو موچەش بەسەر یەکەوە وەربگرێت قەرزەکەی پێ نادرێتەوە”.
چۆمان مستەفا لە سلێمانی دوکانی میوەی هەیە، ئەویش هاودەردە لەگەڵ دوکاندارەکانی تر، دەڵێت قەرزکردن بووەتە دیاردە، ”ئەگەر منیش قەرز بدەم بە هەموو کەسێک، دەستمایەم بەدەستەوە نامێنێت و دەبێ دوکانەکە دابخەم”.
لای چۆمان خەڵک هەیە هەتا چوار ملیۆن دینار ئەشیای بەقەرز بردووە