باڵەخانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران _ وێنە: 964
قایمقامیەتەکان ئاگادار کراون
ئیدارەی سۆران: مامەڵەکردن بە زەوی بەدەر لە یاسا قەدەغەیە
964+
ژووری هەواڵ
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە فەرمی مامەڵەکردن بە زەوی و زاری بەشێوەی نایاسایی قەدەغە دەکات و نوسینگەکانی خانوبەرەی لە سنووری ئیدارەکە ئاگادار کردووەتەوە لەم بابەتە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 27.3.2024، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بڕیارێکی دەرکردووە و ئەوانیش ناردوویانە بۆ سەرجەم قایمقامیەتەکان کە نابێت رێگە بدرێت بە مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتن بە زەوی و زاری حکومی بەدەر لە یاسا.
بەگوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی ناوخۆ، هەر کەسێک لە سنوری ئیداری سۆران مامەڵە بە زەوی و زاری حکومی بکات بەدەر لە یاسا، ئەوا رێکاری یاسایی لەبەرامبەری دەگیرێتەبەر.
لە مانگی 8ـی ساڵی رابردوو، دوای زیاتر لە حەوت مانگ چاوەڕوانی، زەوییە سندوقییەکان و ئەو زەویانەی کارتیان هەیە لە سۆران رێگەیان پێدرا مامەڵەی دروستکردنی خانوو بکەن کە پێشتر له نەخشەی کۆن رێگەیان پێنەدەدرا.
خانووە زیدەڕەوەکان و گوندەکانی پێشوو کە ئێستا بوون بە بەشێک له گەڕەکەکانی سۆران، بەشێکی تر بوون لە کێشەکانی هاوڵاتیان بەهۆی ماستەر پلانی پێشوو.
ئیدارەی سۆران پێکدێت لە قەزاکانی سۆران، سیدەکان، مێرگەسۆر، چۆمان، رواندز و خەلیفان.
قەزای ناوەندی سۆران 57 گەڕەک و 400 گوند لەخۆدەگرێت.