کچەکەی هاوکاری بووە

کۆچی دوای هاوسەرەکەی ژنێک هان دەدات قورئان خەتم بکات

964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر

فاتیمەی تەمەنی 60 ساڵ، کە دانیشتووی شاری هەولێرە، پاش کۆچیدوایی هاوسەرەکەی، دەستدەکات بە خەتم کردنی قورئان، نزیکەی دووساڵ دەخایەنێت و تەواوی قورئان خەتم دەکات، ئێستاش چاوی لە چوونە بۆ حەج.

ئەو بۆ 964 قسەی کرد و وتی، لەگەڵ یەکێک لە کچەکانم لە سەرەتا، تاوەکو کۆتایی کە لەگەڵم بوو، توانیم فێرت خوێندنەوەی قورئانی پیرۆز ببم و خەتمی بکەم.

کتێبی ئاسمانی قورئان 114 بەشە، بەھەر بەشێک دەوترێت سوورەت، بەگشتی قورئان لە (30) جوزئ،(114) سورەت، (6236) ئایەت، (79000) وشە و (323670) پیت پێکدێت، کە دایە ئامینە خەتمی کردووە.

عەبدولباست محەمەد، کوڕی دایە فاتیمەیە و دەڵێت، دایکمان شوێنی بابمانی گرتووەتەوە بۆمان و هاوکاریمان کرد، تا توانی ئەم کارە ئەنجام بدات.

بەقسەی دایە فاتیمە بێت، هیچ رۆژێک نەچووەتە قوتابخانە و تەنانەت نەیزانیوە ناوی خۆی بنووسێت، ئەوە لەکاتێکدا، فێربوونی قورئان بۆ کەسانی نەخوێندەوار، سەختی و زەحمەتی خۆی هەیە.

فاتیمە تاهیر، هاوژینی کۆچکردوو مامۆستا محەمەد سوورچی-یە، کە دووساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد، ئەوان شەش کچ و چوار کوڕیان هەیە، مامۆستا محەمەد یەکێک بووە لە کەسایەتییە بەرچاوەکان و ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی زانایانی ئاینیی هەرێمی کوردستان بوو.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا