لە ماوەی ساڵێکدا
80 هەزار چارەسەری سروشتی لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی ئەنجام دراوە
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی ساڵی 2023ـدا، لە بنکە تەندروستییەکانی سەر بە تەندروستیی سلێمانی 80 هەزار و 251 نەخۆش چارەسەری سروشتییان بۆ کراوە و تەندروستیی سلێمانی دەڵێت، برەوی زیاتر بەو چارەسەرکردنە دەدەن.
تەندروستیی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 25.3.2024 بڵاویکردووەتەوە، ئەو نەخۆشانەی ساڵی رابردو چارەسەری سروشتییان بۆ ئەنجام دراوە 25 هەزار و 505 نەخۆش نێر بوون و 39 هەزار و 343 نەخۆش مێ بوون و 15 هەزار و 403 نەخۆش منداڵ بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، “لە رێگەی باشترین پسپۆڕ و كارمەندانی بە ئەزموون لە 30 بەشی چارەسەری سروشتی لە نەخۆشخانە و سەنتەر و مەڵبەندە تەندروستییەكان چارەسەری سروشتی ئەنجام دراوە”.
بەپێی ئامارەكەی تەندروستیی سلێمانی، زۆرترین چارەسەری سروشتی لە ساڵی رابردوودا لە نەخۆشخانەی شار بووە و 16 هەزار و 55 چارەسەری سروشتی لەو نەخۆشخانەیە كراوە، لە سەنتەی راهێنانی منداڵان 12 هەزار و 796 چارەسەری سروشتی كراوە و لە سەنتەری رۆماتیزم 8 هەزار و 158 چارەسەری سروشتی كراوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە روونیکردووەتەوە، دەیانەوێت برەوی زیاتر بە چارەسەرکردنی سروشتی بدەن.