چۆن گەڕێندرایەوە؟

دوای چوار رۆژ لە هاککردن ئەندازەی پارکەکانی هەولێر پەیجەکەی وەرگرتەوە

964+

فەهمی نەبی

چوار رۆژ بوو پەیجی فەرمی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر هاککرا بوو، ئەم ئێوارەیە توانرا جارێکی دیکە ئەو پەیجە بگەڕێندرێتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتییەکە.

سەروەر وەیسی بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر بە 964ی وت، دوای چوار رۆژ، چەندینجار هەوڵی گەڕانەوەی لەلایەن دوو کۆمپانیا، لە ئاسایشی چۆمانەوە کارمەندێک توانی پەیجەکە بگەڕێنێتەوە.

ئەوەشی وت، لەگەڵ گەڕانەوەی پەیجەکە جارێکی دیکە هەوڵی هاککردنی درایەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

پەیجی ئەندازەی پارکەکان دوای سێ رۆژ لە هاککردنی 17 هەزار فۆڵۆوەرسی لەدەستداوە، ئەمەش لەبەرئەوەی ئەوانەی هاکیان کردبوو وێنەی نەشیاویان تیا بڵاودەکردەوە، ئەمەش بەپێی وتەی سەروەر وەیسی.

ئەگەرچی ئەو کاتەی پەیجەکە هاککرابوو، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکان وتبووی کەسێک لە ئەمریکاوە دەستیگرتووە بەسەر پەیجی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، بەڵام لە بەشی Page transparency [تایبەتە بە زانیاری لەسەر ئەو کەسانەی کە پەیجەکە بەرێوەدەبەن] وا نیشانی دەدات کە دوو کەس لە هیندستانەوە دەستیان بەسەر پەیجەکەداگرتبێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر سەربە شارەوانی هەولێرە و سەرپەرشتی پارک و باخچەکانی ناو سەنتەری پارێزگای هەولێر دەکات.