وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق روونكردنه‌وه‌ی دا

بۆچی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان وه‌ستاوه‌؟

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25.3.2024، وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق به‌بۆنه‌ى تێپه‌ڕینى ساڵێك به‌سه‌ر راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، زه‌ره‌رمه‌ندى سه‌ره‌كى له‌ وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێم حكومه‌تى ناوه‌ندییه‌، ده‌شڵێن: “ئێمه‌ ئاگادارى هیچ یه‌ك له‌ گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم نین و كه‌ داواشمان كردوون پێمان نه‌دراون”.

ساڵێك تێده‌په‌ڕیوه‌ به‌سه‌ر جێبه‌جێكردنى بڕیاره‌كه‌ى ده‌سته‌ى ناوبژیوانى دادگاى پاریس بۆ به‌نایاسایی له‌ قه‌ڵه‌مدانى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له رێگه‌ى توركیاوه‌، كه‌ بووه‌ هۆكارى سه‌پاندنى سزاى ماددى به‌سه‌ر توركیا و راگرتنى هه‌نارده‌ى نه‌وت له ‌رێگه‌ى بۆرى نه‌وتى كوردستان – جه‌یهان.
وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق ئه‌مڕۆ به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌ به‌شێكیدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌، “راگرتنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر بنه‌ماى بڕیارى دادگاى ناوبژیوانیی نێودەوڵەتى بووه‌ لە پاریس، نه‌ك بڕیارى حكومه‌تى عێراق”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێن، حكومه‌تى ناوه‌ندی زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌مه‌ له‌ وه‌ستانى هه‌نارده‌ى نه‌وت.
سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كان بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌ی نه‌وت، وه‌زاره‌ته‌ روونی ده‌كاته‌وه‌، عێراق و توركیا بۆ ماوه‌ى شه‌ش مانگ دانوستانیان كردووه‌ و هه‌ردوولا گه‌یشتوون به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى كه‌ كێشه‌ ته‌كنیكیه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و بۆرییه‌كه‌ بخرێته‌وه‌كار”.

“ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان كارده‌كه‌ن و زۆربه‌یان به‌شێكن له‌ كۆمه‌ڵه‌ى پیشه‌سازى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان، رێگرى ده‌كه‌ن له‌وه‌ى نه‌وته‌ به‌رهه‌مهێنراوه‌كه‌ راده‌ستى حكومه‌تى هه‌رێم بكرێت و له‌ چوارچێوه‌ى یاساى بودجه‌ى گشتیى فیدراڵیدا بفرۆشرێت،  ئه‌گه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئاماده‌بن به‌پێى یاسا نه‌وته‌كه‌ راده‌ست بكه‌ن، ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا هه‌نارده‌ ده‌ستپێبكاته‌وه”، له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقدا هاتووه‌.

هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ى‌ حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌نجامیداون، ناوه‌ڕۆكه‌كانیان لای ئه‌وان روون نین‌، داواى كۆپیى گرێبه‌سته‌كانیشیان كردووه‌، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ نه‌بووه‌ راده‌ستیان بكه‌ن.
به‌ گوێره‌ی ئه‌و راگه‌یاندراوه‌ی كۆمه‌ڵه‌ى پیشه‌سازى نه‌وتى كوردستان دوێنێ یه‌كشه‌ممه‌ بڵاویان كرده‌وه‌، به‌هۆی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، عێراق نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە، وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانیش به‌ رێژه‌ى 60% كەمی كردووه‌.
هاوكات تۆڕی هه‌واڵی رۆیته‌رز دوێنێ له‌ راپۆرتێكیدا به‌ پشتبه‌ستن به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌مریكی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، حاڵی حارز هیچ گفتوگۆیه‌ك بۆ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ ئارادانییه‌.

کۆمپانیا نەوتییەکان: هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت...

کۆمپانیا نەوتییەکان: هەوڵەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم سستن