لە داقوق
تەقە لە دوو گەنج کرا و بریندار کران
+964
سیروان خورشید-دوزحورماتوو
لە قەزای داقوق تەقە لە دوو گەنج کرا و هەردووکیان بریندار کران.
لە نزیک گوندی یەنگیجەی تاڵەبان لە سنووری قەزای داقوق، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە تەقە لە دوو گەنج کرا، کە لەسەر ماتۆڕسکیلیک بوونە و هەردووکیان بریندار کران.
فەرمان نەشئەت بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق بە964ی وت، کەمێک لەمەوبەر دوو گەنج بە برینداری هێنراوەتە نەخۆشخانەکەیان و دەرکەوتووە کە هەردووکیان بە فیشەک بریندار کراون،
وتیشی، گەنجەکان لەسەر ماتۆڕسکیلێک بوونە لە گوندی یەنگیجەی تاڵەبان، بەرەو داقوق هاتوونە و کاتێک لە گوندەکە دەرچوونە تەقەیان ئاراستەکراوە و هەردووکیان بریندار کران و تەقەکەرەکانیش هەڵهاتوون.
راشیگەیاند، یەکێک لە بریندارەکان بە هۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی کەرکوک کراوە، کە سێ فیشەک بەر سینگی کەوتووە و ئەوی دیکش دوو فیشەک بەر قاچی کەوتووە،
گەنجەکان کوردن و دانیشتووی گوندی یەنگیجەی تاڵەبانن و تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵیدایە.
ئێستا پۆلیسی داقوق گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا